ئەمشەو قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنز لیگ دەستپێدەکات

AM:11:47:08/04/2025

352 جار خوێندراوەتەوە

+ -

چامپیۆنز لیگ کە بەهێزترین پاڵەوانێتییە لەسەر ئاستی ئەوروپا لە قۆناغی چارەکی کۆتاییدایە و لەم هەفتەیەدا یارییەکانی چوونی ئەو قۆناغە ئەنجامدەدرێن.

سێشەممە دوو یاری بەڕێوەدەچن لە کاتژمێر 10، لە بەهێزترین یاریدا، یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی لە یاریگای ئیماراتی تایبەت بە خۆی میوانداری یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی دەکات.

یانەی شاهانە لەم وەرزەی چامپیۆنز لیگدا تا ئێستا 12 یاری ئەنجامداوە و خاوەنی هەشت بردنەوە و چوار شکستە، 28 گۆڵی تۆمارکردووە و 17 گۆڵی لێکراوە، لە بەرامبەردا یانە ئینگلیزییەکە لە 10 یاریدا حەوت بردنەوە و دوو یەکسانبوون و یەک شکستی هەیە، 25 گۆڵی تۆمارکردووە و شەش گۆڵی لێکراوە.

ریاڵ مەدرید و ئارسناڵ لە مێژووی چامپیۆنز لیگدا تەنها دوو جار رووبەڕووی یەکبونەتەوە کە لە قۆناغی 16ی وەرزی 2005 بۆ 2006دا بووە، ئارسناڵ لە یارییەکدا براوە بووە و لە یەک یاریشدا یەکسانبوون.

کارلۆ ئەنچیلۆتی لە رابردوودا 13 جار رووبەڕووی ئارسناڵ بووەتەوە لە کاری راهێنەرایەتیدا، لە حەوت یاریدا براوە بووە و یەکسانبونێکی هەبووە و لە پێنج یاریشدا تووشی شکست بووە.

لە هەمان کاتدا و لە یارییەکی تری بەهێزدا، یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی لە یاریگای ئالیانز ئارینا میوانداری یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی دەکات.

بایرن و ئینتەر لە مێژوودا نۆ جار رووبەڕووی یەکبونەتەوە، یانە ئەڵمانییەکە لە پێنج یاریدا براوە بووە و 13 گۆڵی تۆمارکردووە، ئینتەریش سێ بردنەوەی هەبووە و نۆ گۆڵی کردووە، لە یەک یاریشدا یەکسانبوون.

یانە باڤارییەکە لەم وەرزەی چامپیۆنز لیگ 12 یاری ئەنجامداوە و هەشت بردنەوە و یەکسانبوونێک و سێ شکستی هەبووە، 28 گۆڵی تۆمارکردووە و 14 گۆڵی لێکراوە.

لە بەرامبەردا، ئینتەر 10 یاری ئەنجامداوە و هەشت بردنەوە و یەکسانبونێک و شكستێکی هەیە، 15 گۆڵی تۆمارکردووە و تەنها دوو گۆڵی لێکراوە کە بەهێزترین هێلی بەرگرییە لەم وەرزەی چامپیۆنز لیگدا.

خ . ک