سبەینێ چەند یاریەکی چامپیۆنز لیگ ئەنجامدەدرێن

PM:06:33:30/09/2024

1504 جار خوێندراوەتەوە

+ -

چامپیۆنز لیگ کە بەهێزترین پاڵەوانێتییە لەئەوروپا دووەم هەفتەی قۆناغی یەکەم بەڕێوەدەچێت و چەند یاریەک ئەنجامدەدرێن

سێشەممە لە کاتژمێر 10ی شەودا، لە یاریەکی بەهێزدا یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی لە یاریگای ئیماڕات میوانداری یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی دەکات

ئارسناڵ و پاریس سان جێرمان لە مێژوودا چوار جار لە پاڵەوانێتییە فەرمییەکاندا رووبەڕووی یەکبونەتەوە، ئارسناڵ لە یەک یاریدا براوە بووە و پێنج گۆڵی تۆمارکردووە، پاریس هیچ بردنەوەیەکی نەبووە و چوار گۆڵی کردووە، لە سێ یاریشدا یەکسانبوون

ئارسناڵ کە لە یەکەم یاریدا بەرامبەر ئەتڵانتای ئیتاڵی یەکسانبوو دەیەوێت لەم یاریەدا یەکەم بردنەوە بەدەستبهێنێت تا نەکەوێتە مەترسی نەگەیشتن بە قۆناغی داهاتوو بەشێوەی راستەوخۆ، پاریس سان جێرمانیش بە ئامانجی دووەم بردنەوەی بەدوای یەک دەچێتە یاریگاوە و تا ژمارەی خاڵەکانی بۆ شەش خاڵ بەرز بکاتەوە.

لە هەمان کاتدا، یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە یاریگای خۆیدا رووبەڕووی یانەی یۆنگ بۆیز دەبێتەوە و ئامانجی ئەوەیە یەکەم بردنەوە لەم وەرزەی خولەکە بەدەستبهێنێت دوای ئەوەی لە یەکەم یاریدا بە مۆناکۆ دۆڕا.

لە یاریەکی تری بەهێزیشدا، یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی یانەی بایەر لیڤەرکوزنی ئەڵمانی دەبێتەوە.

میلان لە مێژوویدا 32 جار بەشداری لە چامپیۆنز لیگدا و حەوت نازناوی بەدەستهێناوە، 274 یاری ئەنجامداوە و خاوەنی 133 بردنەوە و 70 یەکسانبوون و 71 شکستە، 443 گۆڵی تۆمارکردووە و 264 گۆڵی لێ تۆمارکراوە.

لە یارییەکانی تریشدا، یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی بە ئامانجی یەکەم بردنەوە رووبەڕووی یانەی براتیسلاڤای سلۆڤاکی دەبێتەوە، ئینتەر میلانی ئیتاڵیش میوانداری زڤیزدای سڕبی دەکات، بروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی رووبەڕووی سێلتیکی سکۆتلەندا دەبێتەوە.

خ . ک