یاریزانێکی کورد یەکەم میدالیای ئاڵتونی بردەوە

PM:05:37:24/07/2021

1280 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کوردێکی رۆژهەڵاتی کوردستان میدالیای زێڕی ئۆڵیمپیادی تۆکیۆی بەدەستهێنا دوای ئەوەی لە یاریی نیشانە شکێنیدا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.

جەواد فروغی، یاریزانێکی کوردی خەڵکی شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لەگەڵ هەڵبژاردەی ئێران بەشداریی لە ئۆڵیمپیادی تۆکیۆ کردووە,.

ئەمڕۆ لە ڕکابەرییەکانی یاریی نیشانە شکێنی هەوایی بە دەمانجە لە دووریی 10 مەتر، ئەو یاریزانە کوردە توانیی پلەی یەکەمی ریزبەندی رکابەرییەکە بباتەوە و یەکەم میدالیای بۆ ئێران لە ئۆڵمپیادی تۆکیۆ بەدەستهێنا.

یاریزانە کوردەکە لە یارییەکەدا ریکۆردێکی نوێی ئۆڵمپی تۆمارکرد و توانیی 244.8 خاڵ کۆبکاتەوە و توانی میدالیای زێڕی یارییەکە لە بەرژەوەندی خۆی یەکلابکاتەوە.

دەمیر میکیچی سربیش پلەی دووەم و میدالیای زیوی بەدەستهێنا و پانگ وەی چینیش پلەی سێیەم و میدالیای برۆنزی بۆ وڵاتەکەی بەدەستهێنا.

پێگەی فەرمی ئۆڵمپیاد لە تویتەر نووسیوویەتی " دەستخۆشی لە جەواد فرۆغی دەکەین کە میدالیای زێڕی لە یاریی نیشانە شکێنی هەوایی پیاواندا بردەوە و لە یەکەم دەرکەوتنیدا ریکۆردی ئۆڵمپی شکاند ".

ئێران بە 66 یاریزان بەشداریی لە ئۆڵمپیادی تۆکیۆدا کردووە، یەکێک لەو یاریزانانەش جەواد فرۆغییە کە خەڵکی شاری ئیلامە.