سبەینێ جەنگە گەورەکەی چامپیۆنز لیگە

PM:03:44:16/04/2024

836 جار خوێندراوەتەوە

+ -

جەنگی مانچستەر سایتی و ریاڵ مەدرید لە کۆتا شەوی قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنز لیگدا بەڕێوەدەچێت و یەکێکیان دەبێت ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە بکات.

چوارشەممە لە کاتژمێر 10ی شەودا، یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی لە یاریگای خۆیدا میوانداری یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی دەکات لە بەهێزترین یاری قۆناغی چارەکی کۆتاییدا لە کاتێکدا لە یاری چووندا یەکسانبوون و براوەی ئەم یاریەش ناسنامەی یانەی سەرکەوتوو دیاریدەکات.

مانچستەر سیتی لەو یاریەدا دەیەوێت بە پشتبەستن بە یاریگای خۆی و لە نێو ئاپۆرای هاندەرانیدا یانە ئیسپانیەکە تووشی سەرسوڕمان بکات و بردنەوەی بەسەردا بەدەستبهێنێت تا بگاتە قۆناغی پێش کۆتایی، هاوشێوەی وەرزی رابردوو کە لە یاریگای خۆیدا توانی چوار گۆڵی لێ تۆمار بکات.

لە بەرامبەردا یانە ئیسپانیەکە کە ریاڵ مەدریدە بەهۆی ئەوەی لە یاریگای خۆیدا نەیتوانیبوو بردنەوە بەدەستبهێنێت لەم یاریەدا ئەرکی قورسە چونکە بردنەوە لە مانچستەر سیتی لە یاریگای ئیتیحاد زەحمەتە و بە ئاسانی بەدەست نایەت بەڵام دەیەوێت ئەزمونە زۆرەکەی لە مێژووی چامپیۆنز لیگدا بەکاربهێنێت و ئەو یانە ئینگلیزیە بکاتە دەرەوەی پاڵەوانێتییەکە.

مان سیتی و ریاڵ مەدرید لە دوو وەرزی رابردووی چامپیۆنز لیگدا رووبەڕووی یەکبونەتەوە و چوار یاریان ئەنجامداوە، یانە ئینگلیزیەکە لە دوو یاریدا براوە بووە و 10 گۆڵی تۆمارکردووە بەرامبەر بردنەوەیەک و حەوت گۆڵی یانەی شاهانە، لە یەک یاریشدا یەکسانبوون.

لە یاریەکی تریشدا، یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی لە یاریگای ئالیانز ئارینای تایبەت بە یانەی بایرن میونشن رووبەڕووی یانەی ئەڵمانیەکە دەبێتەوە .

بایرن لە مێژووی چامپیۆنز لیگدا 13 جار رووبەڕووی ئارسناڵ بووەتەوە و لە حەوت یاریاندا بردنەوەی بەدەستهێناوە و 29 گۆڵی تۆمارکردووە بەرامبەر سێ بردنەوەی ئارسناڵ کە 15 گۆڵی کردووە، لە سێ یاریشدا یەکسانبوون.

لەم یاریەدا هەر یانەیەک بتوانێت بردنەوە بەدەستبهێنێت سەرکەوتن بۆ قۆناغی داهاتوو مسۆگەر دەکات، یانە باڤاریەکە دەیەوێت بە پشتبەستن بە هاندەران ئەو یاریە بباتەوە و لەدەستدانی نازناوی خولی ئەڵمانیا لە بیربکات، ئارسناڵیش نایەوێت لە ئێستاوە ماڵئاوایی بکات بەڵکو ئامانجی ئەوەیە لەسەر ئەنجامە باشەکانی ئەم وەرزە بەردەوام بێت و تا دوایین قۆناغەکان کێبڕکێی نازناوەکان بکات.

خ . ک