ئەمشەو دوو یاری چامپیۆنز لیگ ئەنجامدەدرێن

AM:08:32:16/04/2024

2932 جار خوێندراوەتەوە

+ -

قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنز لیگ بەردەوامی هەیە و لەم هەفتەیەدا یارییەکانی گەڕانەوەی ئەو قۆناغە بەڕێوەدەچن و ناسنامەی چوار یانەی گەیشتوو بە قۆناغی پێش کۆتایی پاڵەوانێتییەکە ئاشکرا دەبێت.

سێشەممە لە کاتژمێر 10ی شەودا دوو یاری ئەنجامدەدرێن، یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی میوانداری پاریس سان جێرمانی فەرەنسی دەکات، ئەتلەتیکۆ مەدریدی ئیسپانیش رووبەڕووی بروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی دەبێتەوە.

بەرشەلۆنە کە لە یاری چووندا لەدەرەوەی یاریگای خۆی بردنەوەی بەدەستهێنابوو هەلی گەیشتنی بە قۆناغی پێش کۆتایی زیاترە بە شێوەیەک کە  لەم یاریەدا بە بردنەوە و یەکسانبوون و شکست بە گۆڵێک و بردنەوە بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان ئەو ئامانجەی بەدەستدەهێنێت.

لە بەرامبەردا یانەی پاریس سان جێرمان ئەرکی قورسە لە بەرئەوەی پێویستی بە بردنەوە هەیە بە جیاوازی دوو گۆڵ یان بە جیاوازی گۆڵێک و بردنەوە بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان تا بتوانێت گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو بەدەستبهێنێت.

بەرشەلۆنە و پاریس سان جێرمان لە مێژووی چامپیۆنز لیگدا تا ئێستا لە 13 یاریدا رووبەڕووی یەکبونەتەوە، یانە کەتەلۆنیەکە لە پێنج یاریدا براوە بووە و 26 گۆڵی تۆمارکردووە، یانەکەی پایتەختی فەرەنساش چوار بردنەوەی هەیە و 23 گۆڵی کردووە، لە چوار یاریشدا یەکسانبوون.

لە هەمان کاتدا، یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریدی ئیسپانی کە لە یاری چووندا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردنەوەی بەسەر بروسیا دۆرتمۆند بەدەستهێنابوو بە یەکسانبوون و بردنەوە راستەوخۆ دەگاتە قۆناغی پێش کۆتایی یان شکست بە جیاوازی گۆڵێک و بردنەوە بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان.

ئەتلەتیکۆ لە مێژووی چامپیۆنز لیگدا تەنیا پێنج جار بەرامبەر دۆرتمۆند یاریکردووە، لە سێ یاریدا براوە بووە و دوو جاریش تووشی شکستبووە، شەش گۆڵی تۆمارکردووە و حەوت گۆڵی لێ تۆمارکراوە.

لە بەرامبەردا یانە ئەڵمانیەکە کە بروسیا دۆرتمۆندە دەبێت لە یاریگای خۆیدا بە جیاوازی دوو گۆڵ یان گۆڵێک و لێدانە یەکلاکەرەوەکان یاریەکە بباتەوە تا ئەم قۆناغە تێبپەڕێنێت ئەگەرنا بە هەموو یەکسانبوون و شکستێک ماڵئاوایی دەکات.