پرۆژەی سعودییەکان لەبەردەم شکستێکی گەورەدایە

PM:04:30:26/03/2024

372 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پرۆژەی سعودییەکان لەبەردەم شکستێکی گەورەدایە و بینەری یارییەکانی خولەکەیان کەمی کردووە.

خولی سعودیە لە هاوینی رابردوو کۆمەڵی گرێبەستی گەورەی ئەنجامدا و چەندین ئەستێرەی زۆر بەناوبانگی خولە بەهێزەکانی ئەوروپای گواستەوە، ئەمەش وایکرد چاوی هەمووان بچێتە سەر تۆپی پێی ئەو وڵاتە.

لە پێشتردا یانەکانی ئەو وڵاتە چەندین یاریزانی گرنگی وەک رۆناڵدۆ و نەیمار و بنزیمەیان گواستەوە، بەڵام لە ئیستادا پرۆژەی وڵاتەکە بەرەو کزی دەڕوات و دوورنیە لە چەند ساڵی داهاتوودا شکست بهێنێت و هێشتنەوەی چاوی هەموو جیهان لە سعودیە بۆ هەمیشە کۆتایی بێت و بەردەوامبونی ببێتە خەونێک.

چاوەڕێدەکرێت لە وەرزی داهاتوو هەمان گەرموگوڕی هاوینی رابردوو نەبینرێت لە گواستنەوەی یاریزانان بۆ سعودیە و ئەو خەرجییە گەورانەی بۆ خولەکە دابیندەکرێت بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزین بەخۆوە ببینێت چونکە لێکۆڵەرەوەکان دڵنیاییانداوە ئەو شێوازە شێتانەی پێشوو سعودییەکان لە گواستنەوەی یاریزانان خەرجیان دەکرد دەوەستێنرێت.

بەڕێوبەرانی خولی سعودیە گەیشتونەتە ئەو راستیەی، هەموو شتێک بە دڵی ئەوان تێنەپەڕیوە، سەرەرای ئەو ئاسانکارییانەی لە بەردەستیاندایە بەڵام ئیستا دەبێت بیر لە داهات بکەنەوە نەک خەرجی بەردەوام.

لە ئێستادا دەبێت چاوەڕێی ڕەوتێکی نوێ لە خولی رۆشەن بکەین، چونکە پاش هاوینە زێڕێنەکەی خولەکە لە مانگی یەکدا گواستنەوەی یاریزانان بۆ سعودیە زۆر کەمی کرد و هیچ ئەستێرەیەک نەچووە ئەو وڵاتە، تەنانەت هەندێک یاریزانی گەورە کە پەیوەندیان بە خولی رۆشنەوە کردبوو، پەشیمان بوونەوەی خۆیان لە چوون بۆ سعودیە دەربڕی.

پرۆژەی سعودیەکان ئەوە بوو بە یاریزانە گەورە و ناسراوەکان سەرنجی میدیا بیانییەکان بۆ لای خۆیان رابکێشن و زۆرترین بینەری خولەکەیان هەبێت بەڵام ئامارەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەم خولە نەک تەنیا لە ئاستی خولە گەورەکان نییە بەڵکو لە ناوخۆی وڵاتەکەشدا بینەری لەدەستداوە.

تێکڕای بینەرانی ئەم وەرزە نزیکەی هەشت هەزار هاندەرە لە هەر یارییەکدا، کە بە بەراورد بە وەرزی 2022-2023 نزیکەی لە سەدا 10 کەمیکردووە، ئەمەش تەواوی پڕۆژەی خولی سعودی دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە.

هێشتا دیار نییە یانە سعودییەکان لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان چی دەکەن، بەردەوام دەبن لە هەوڵدان بۆ گەورەبوونی خولەکەیان، یان ئەو فراوانبوونەی ئێستایان وەک بڵقێکی سەر ئاو وایە تەنیا بە شێوەیەکی کاتییە لە ماوەیەکی کەمدا دەتەقێت.