کێ دەبێتە پاڵەوانی پریمەرلیگ؟

PM:05:17:18/03/2024

244 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە کۆتاییەکانی پریمەرلیگ نزیک دەبینەوە کێبڕکێی بوون بە پاڵەوان و گەیشتن بە پاڵەوانێتیەکە ئەوروپییەکان تا دێت قورستر دەبێت.

تەنها نۆ هەفتە ماوە بۆ کۆتایی هاتنی خولی ئینگلتەرا و هەستیاری یارییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت و ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی باس لەوە بکرێت کێ دەبێتە پاڵەوانی خولەکە و کام یانانەش کێبڕکێی گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ دەکەن و ئەرکی کێ ئاسانە و ئەرکی کێ قورسە.

لەم بابەتەدا سوود لە لێکۆڵینەوەیەکی ئۆپتا وەرگیراوە کە ئەرکی 20 یانەکەی پریمەرلیگی بەپێی گرانی و ئاسانی تا کۆتایی ئەم وەرزە ریزبەندی کردووە.

سەرەتا ئەگەر باسێک لە جەنگی بوون بە پاڵەوانی خولەکە بکرێت، ئارسناڵ بۆ پاراستنی پێگەی یەکەمی ریزبەندی روبەڕووی ئاستەنگیەکی زۆر دەبێتەوە، تۆپهاوێژەکان لە ئێستادا بە جیاوازی گۆڵ لە پێشەنگی ریزبەندی دێن کە لەگەڵ لیڤەرپول هەمان ژمارەی خاڵیان هەیە و تەنیا خاڵێکیش لە پێش سیتیەوە دێن، یانەکە لە هەشت یاری رابردوودا بردنەوەی بەدەستهێناوە و پێویستە لەسەر بردنەوە بەردەوام بن بۆ بەدەستهێنانی خولەکە، بەڵام تۆپهاوێژەکان لە چاو دوو پاڵێوراوەکەی تر سەخترین رێگایان لە پێشە و بەپێی لێکۆڵینەوەکەی ئۆپتا لە پلەی پێنجەمی ئەو یانەنە دێت کە قورسترین یارییان هەیە تا کۆتایی وەرزی پریمەرلیگ.

تیپەکەی میکل ئارتێتا دەبێت ڕووبەڕووی مانچستەر سیتی و تۆتنهام و مانچستەر یونایتد ببنەوە لە دەرەوەی یاریگای خۆیان، دوو یاری تری سەختیشیان بەرامبەر چێڵسی و ئەستۆن ڤێلا دەبێت.

خشتەی یارییەکانی سیتی و لیڤەرپول لە ئارسناڵ باشترە، وە تا رادەیەک کێشەی سیتی زیاترە لە لیڤەرپوول چونکە دەبێت چەند ڕۆژێکی تر لە یاریگای خۆیدا میوانداری ئارسناڵ بکات و یارییەکیشی لەگەڵ تۆتنهامیش لە پێشە.

هەرچی لیڤەرپولە دەبێت لە دەرەوەی یاریگای خۆی روبەڕووی مان یونایتد ببێتەوە، جیالەوەی یاری بەرامبەر ئەستۆن فێلا ماوە.

چەند یانەیەکیش هەوڵی گەیشتن دەدەن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو کە بریترین لە، ئەستۆن ڤێلا و تۆتنهام و مانچستەر یونایتد، ئەستۆن ڤێلا بە سەرکردایەتی ئۆنای ئیمری وەرزێکی نایاب بەڕێدەکەن بەڵام ئەرکیان زۆر قورسە و یارییەکانی داهاتوویان لە پلەی دووەمی ریزبەنیەکەی ئۆپتایە بۆ قورسی و یانەکە روبەرووی، مان سیتی و ئارسناڵ و چێڵسی و لیڤەرپول، دەبێتەوە لە کۆی نۆ یاری داهاتوویان، ئەمەش وادەکات سەخت بێت بگەنە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو.

تۆتنهامیش ئەرکی لە ئەستۆن ڤێلا ئاسانترە، بەڵام کێشەی سپێرز ئەوەیە لە کۆتاییىەکانی وەرز روبەڕووی یانەکانی، نیوکاسڵ و مانچستەر سیتی و ئارسناڵ و لیڤەرپول دەبێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە یونایتد تا رادەیەک ئاسانترین ئەرکی لەبەردەمدایە، دوو یاری قورسی هەیە کە لە یاریگای خۆیدا بەرامبەر لیڤەرپوول و ئارسناڵ ئەنجامی دەدات و یارییەکانی ئاسانترن، کێشەی شەیتانە سورەکان ئەوەیە کە بە نۆ خاڵ لەدوای ئەستۆن ڤێلای چوارەمەوەن، بەڵام لیستی یارییەکانی داهاتووی هیوایان پێدەبەخشێت.

ئەگەر باسێک لە یانەکانی کۆتایی ریزبەندی بکەین بە رادەیەکی زۆر دابەزینی بێرنلی و شیفێڵد یونایتد یەکلایبوەتەوە و هەردوو یانەکە پێویستیان بە موعجیزە هەیە بۆ مانەوە لە پریمەرلیگ، لوتۆن و نۆتینگهام ئیڤەرتۆن و برینفۆرد جەنگی مانەوە دەکەن بۆ وەرزی داهاتوو کە خاڵەکانیان لە یەکەوە نزیکە، وە یارییەکانی نۆتینگهام و ئیڤەرتۆن تا ردەیەک لە یانەکانی تر ئاسانترە و هەلی زیاتریان هەیە بۆ مانەوە.