پرۆژەی خێمەی رەمەزان هەشت یاریگای خولەکانی ئینگلتەرا دەگرێتەوە

PM:04:22:14/03/2024

304 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پرۆژەی خێمەی رەمەزان بۆ دووەمساڵ لە یاریگاکانی تۆپی پێ بەڕێوەدەچێت و لەم ساڵدا بەرفرانەکراوە و لە هەشت یاریگای جیاواز ئەنجامدەدرێت.

فیستیڤاڵی ساڵانەی مانگی ڕەمەزان و پڕۆژەی خێمەی ڕەمەزان یەکێکە لە گەورەترین و ناوازەترین فێستیڤاڵەکانی جیهان و تایبەتە بە مانگی پیرۆزی رەمەزان، لەم ساڵیشدا لە چوارچێوەی ئەو پرۆژەیەدا بەربانگکردنەوەی بە کۆمەڵ لە مانگەکەدا لە یاریگاکانی خولەکانی ئینگلتەرا بەردەوامی دەبێت کە تێیدا خەڵکانێک سەر بە ئایینە جیاوازەکان کۆدەکرێنەوە و خوانی ئێوارەیان لە کاتی بەربانگدا بۆ رێکدەخرێت و گفتوگۆیەکی ئیلهامبەخش ئەنجامدەدەن.

ئەم پرۆژەیە لە ساڵی 2013ەوە بەڕێوەدەچێت و تا ئێستا توانیویەتی لە ماوەی 10 ساڵدا لەو مانگە پیرۆزەدا زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە دەوری یەک کۆبکاتەوە.

لەم ساڵیشدا پرۆژەی خێمەی رەمەزان 27 شوێنی جیاوازی لە چەندن شارێکی بەریتانیا دیاریکردووە کە تێیدا خوانی بەربانگەکە بەڕێوەدەچێت کە دیارترین شارەکانیش بریترین لە لەندەن و بێرمینگهام و نیوکاسڵ و مانچستەر، وە شوێنە دیارەکانیش بریتین لە، کۆلێژی کینگ کامبریج و کتێبخانەی بەریتانی و هەروەها ویستەگەی کارەبای باتەرسیا چەند یاریگایەکی تۆپی پێ.

تەوەری ئەمجارە واتە ڕەمەزانی 2024 بریتییە لە، میرات: ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو، کە ئامانجی پیشاندانی دەوڵەمەندی کولتووری ئیسلام و کاریگەرییە بەردەوامەکانی لەسەر کۆمەڵگایە، ساڵی پێشوو پرۆژەکە گەورە کرایەوە و یاریگاکانی تۆپی پێی گرتەوە بە هۆی کاریگەریان لەسەر خەڵکی، تێیدا بۆ یەکەمجار ئەم مەراسیمە لە یاریگای ڤێلا پارکی تایبەت بە یانەی ئەستۆن ڤێلا بەڕێوەچوو، کە زیاتر لە 500 کەس لە دەوری یەکتر کۆکرانەوە و ئێوارە خوانێکیان بۆ رێکخرا، لەم ساڵیشدا وا بڕیارە مەراسیمەکە لە هەشت یاریگای جیاوازی تۆپی پێ و یاریگایەکی رەگبی ئەنجامبدرێت.

دیارترین ئەو یاریگایانەی تۆپی پێ کە بۆ مەراسیمەکە دیاریکراون بریترین لە، ڤێلا پارکی تایبەت بە یانەی ئەستۆن ڤێلا کە لە رۆژی 12 مانگ ئێوارەخوانەکە بەڕێوەچوو، سێیەم رۆژی مانگی پیرۆزی رەمەزان خوانەکە یاریگای ئیتیحادی تایبەت بە یانەی مانچستەر سیتی ئەنجامدرا، وا بڕیاریشە خوانی بەربانگەکە لە 15ی ئەم مانگە لە یاریگای یانەی برینفۆرد بەڕێوەبچێت و لە 17ی مانگیش لە یاریگای ئیوود پارکی تایبەت بە یانەی بلاکبێڕن ئەنجامبدرێت.