سبەینێ قۆناغی 16ی چامپیۆنز لیگ کۆتاییدێت

PM:02:55:12/03/2024

2204 جار خوێندراوەتەوە

+ -

چامپیۆنز لیگ لە کۆتا ساتەکانی قۆناغی 16دایە و ناسنامەی دوایین دوو یانەی سەرکەوتوو بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی ئاشکرا دەکرێن.

چوارشەممە لە کاتژمێر 11ی شەودا، یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید لە یاریگای خۆیدا میوانداری یانەی ئینتەرمیلان دەکات و بروسیا دۆرتمۆندیش رووبەڕووی ئایندهۆڤن دەبێتەوە.

ئەتلەتیکۆ مەدریدی ئیسپانی بە راهێنەرایەتی دێگۆ سیمیۆنی ئەرکیان ئاسان نابێت بۆ گەیشتن بە قۆناغی چارەکی کۆتایی چونکە لە یاری چووندا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر شکستیهێناوە بەرامبەر ئینتەر میلان، دەبێت بە جیاوازی دوو گۆڵ بردنەوە بەدەستبهێنێت یان جیاوازی گۆڵێک و بردنەوە بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان.

ئینتەر و ئەتلەتیکۆ لە مێژوویاندا تەنیا لە دوو یاری فەرمیدا رووبەڕووی یەکبونەتەوە، لە یاریەکدا یانە ئیسپانیەکە براوە بووە و دوو گۆڵی تۆمارکردووە، یانە ئیتاڵیەکەش لە یاریەکدا براوە بووە و یەک گۆڵی کردووە.

ئینتەر لەم یاریەدا بە چەند ئەگەرێکی جیاواز دەتوانێت بگاتە قۆناغی چارەکی کۆتایی، ئەویش بردنەوە و یەکسانبوون یان شکستهێنان بە گۆڵێک و بردنەوە بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان، بەو شێوەیەش ئامانجەکە دەپێکێت.

لە یاریەکەی تریشدا، یانەی بروسیا دۆرتمۆند لە یاریگای خۆیدا میوانداری ئایندهۆڤن دەکات و پێشتریش ئەو دوو یانەیە سێ جار لە چامپیۆنز لیگدا رووبەڕووی یەکبونەتەوە، دۆرتمۆند لە یاریەکدا براوە بووە و لە دوو یاریشدا یەکسانبوون.

لەو یاریەدا هەر یانەیەک بتوانێت بردنەوە بەدەستبهێنێت ئەوا گەیشتن بە قۆناغی چارەکی کۆتایی مسۆگەر دەکات و بە پێی پێشبینیەکانیش بێت یانەی بروسیا دۆرتمۆند ئەگەری بردنەوە و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەی زیاترە لە یانە هۆڵەندیەکە.

خ . ک