ریاڵ مەدرید و مانچستەر سیتی چۆن ماڵئاوایی لە چامپیۆنز لیگ دەکەن؟

PM:03:02:05/03/2024

18816 جار خوێندراوەتەوە

+ -

یارییەکانی گەڕانەوەی قۆناغی 16ی چامپیۆنز لیگ بەردەوامی هەیە و چوارشەممەش دوو یاری ئەنجامدەدرێن و یانەی شاهانە و مان سیتی پاڵێوراون بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە.

چوارشەممە لە کاتژمێر 11ی شەودا، یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداری یانەی لایپزیگی ئەڵمانی دەکات و نایەوێت لەو یاریەدا رووبەڕووی هیچ کێشەیەک ببێتەوە.

ریاڵ مەدرید کە لە یاری چووندا لەدەرەوەی یاریگای خۆی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردنەوەی بەدەستهێنابوو، لەم یاریەدا بە یەکسانبوون و بردنەوە و شکستهێنان بە گۆڵێک و بردنەوە بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان دەگاتە قۆناغی چارەکی کۆتایی.

لە بەرامبەردا، لایپزیگ پێویستی بە کارێکی ئەستەم هەیە تا سەرکەوێت بۆ قۆناغی داهاتوو، ئەویش بردنەوەیە لە خاکی ریاڵ مەدرید بە جیاوازی دوو گۆڵ یان یەک گۆڵ و بردنەوە بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان تا ئەو ئامانجەی بەدەستبهێنێت.

ریاڵ مەدرید و لایپزیگ لە مێژوویاندا سێ جار لە چامپیۆنز لیگدا رووبەڕووی یەکبونەتەوە، یانەی شاهانە لە دوو یاریدا براوە بووە و پێنج گۆڵی تۆمارکردووە، لایپزیگیش یەک بردنەوەی هەیە و سێ گۆڵی کردووە.

لە هەمان کاتدا و لە یاریەکی تردا، یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی لە رووبەڕووبونەوەیەکی ئاساندا و لە یاریگای خۆیدا بەرامبەر یانەی کۆپنهاگنی دانیمارکی یاری دەکات.

مانچستەر سیتی هەلی سەرکەوتنی بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی زۆرە بەهۆی ئەوەی لە یاری چووندا بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردنەوەی بەدەستهێنابوو.

یانە ئینگلیزیەکە لە مێژوویدا 13 جار بەشداری چامپیۆنز لیگی کردووە و 119 یاری ئەنجامداوە، 66 بردنەوە و 24 یەکسانبوون و 29 شکستی هەیە و خاوەنی یەک نازناوە کە لە وەرزی 2022 بۆ 2023دا بووە.

یانەی کۆپنهاگنی دانیمارکیش ئەستەمە بتوانێت گەیشتن بە قۆناغی چارەکی کۆتایی مسۆگەر بکات چونکە لە یاری چووندا بە جیاوازی دوو گۆڵ دۆڕاوە و لەم یاریەشدا پێویستە بە ئەنجامێکی گەورە لە مانچستەر سیتی بباتەوە کە ئەوەش ئەرکێکی قورسە.

خ . ک