سبەینێ دوو یانە ماڵئاوایی لە چامپیۆنز لیگ دەکەن

PM:03:26:04/03/2024

2340 جار خوێندراوەتەوە

+ -

چامپیۆنز لیگ بەهێزترین پاڵەوانێتی ئەوروپا لە قۆناغە هەستیارەکەدایە و لەم هەفتەیەدا چوار یانە سەرکەوتن بۆ قۆناغی داهاتوو مسۆگەر دەکەن و چوار یانەش ماڵئاوایی دەکەن.

سێشەممە لە کاتژمێر 11 دوو یاری گەڕانەوەی قۆناغی 16 بەڕێوەدەچن، یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی لە یاریگای ئالیانز ئارینا میوانداری لازیۆی ئیتاڵی دەکات، پاریس سان جێرمانی فەرەنسیش رووبەڕووی ریاڵ سۆسیدادی ئیسپانی دەبێتەوە.

بایرن میونشن کە لە یاری چووندا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر شکستیهێنابوو بەرامبەر لازیۆ دەیەوێت ئەنجامەکە هەڵگەڕێنێتەوە و گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو مسۆگەر بکات بەشێوەیەک کە پێویستە بە جیاوازی دوو گۆڵ یاریەکە بباتەوە یان بە جیاوازی گۆڵێک و بردنەوە بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان.

لە بەرامبەردا، یانەی لازیۆ کە لە یاری چووندا بە گۆڵێک بردنەوەی بەدەستهێنا، لەم یاریەدا بە یەکسانبوون و بردنەوە سەرکەوتن بۆ قۆناغی داهاتوو مسۆگەر دەکات کە ئەوەش دەبێتە ئەنجامێکی چاوەڕوان نەکراوی ئەم وەرزەی چامپیۆنز لیگ،ئەو ئەرکەش قورس نییە چونکە یانە باڤاریەکە لە بارودۆخێکی خراپدایە.

بایرن میونشن و لازیۆ لە مێژوویاندا سێ جار رووبەڕووی یەکبونەوەتە لە چامپیۆنز لیگدا، یانە ئەڵمانیەکە دوو بردنەوەی بەدەستهێناوە و شەش گۆڵی تۆمارکردووە، یانە ئیتاڵیەکەش یەک بردنەوەی هەبووە و سێ گۆڵی تۆمارکردووە.

لە هەمان کاتدا، پاریس سان جێرمان کە لە یاری چووندا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردنەوەی بەسەر ریاڵ سۆسیداد بەدەستهێنابوو پێویستی بە یەکسانبوون یان بردنەوە یان شکستە بە گۆڵێک تا گەیشتن بە قۆناغی چارەکی کۆتایی مسۆگەر بکات.

یانە فەرەنسیەکە ئامانجی ئەوەیە قۆناغی 16ی چامپیۆنز لیگ تێبپەڕێنێت و ئەو بەربەستە بشکێنێت چونکە لە دوو وەرزی رابردوودا نەیتوانیوە ئەنجامیبدات بە شێوەیەک کە لەو قۆناغەدا ماڵئاواییکردووە لە هەردوو وەرزەکەدا.

لە بەرامبەردا، یانەی ریاڵ سۆسیداد کە لە قۆناغی کۆمەڵەکان ئاستێکی نایابی پێشکەشکرد ئەرکی تا رادەیەکی زۆر قورسە کە بتوانێت بگاتە قۆناغی چارەکی کۆتایی چونکە پێویستی بە بردنەوەیە بە جیاوازی سێ گۆڵ یان جیاوازی دوو گۆڵ و بردنەوە بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان تا بتوانێت ئەو ئامانجەی بەدەستبهێنێت.

خ . ک