ئایا بڕیاری ناوبژیوان لە یاریەکەی ریاڵ مەدرید و ڤالانسیا دروستبوو؟

PM:01:37:03/03/2024

1956 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کۆتا ساتەکانی یارییەکەی ریاڵ مەدرید و ڤالانسیا کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆیدا هێنا.

ئەوەش بەهۆی بڕیارێکی گوماناوی ناوبژیوان، کاتێک لە کۆتا خولەکەکان لە ئەنجامی لێدانێکی گۆشەوە تۆپ لە قاچی برایم دیازی یاریزانی ریاڵ مەدرید بوو لە کاتی هێرشێکی مەترسیدار بۆ سەر گۆڵی ڤالانسیا ناوبژیوان فیکەی کۆتایی لێدا، ئەمەش لە کاتێکدابوو لە ئاکامی هێرشەکە بێلینگهام گۆڵی پێ تۆمارکرد، بەڵام بەهۆی تەواووبوونی یارییەکە هەژمار نەکرا.

دوا بەدوای ئەو رووداوانە، یاریزانان و هاندەرانی میرەنگێ نارەزایەتییەکی زۆریان لەو بڕیارەی ناوبژیوان دەربڕی و تەنانەت بێلینگهامیش بەهۆی توڕەیی لە بڕیارەکە کارتی سوری بەڕوویدا بەرزکراییەوە.

نارەزایەتییەکان بە شێوەیەک بوون یانەی شاهانە راستەوخۆ رایگەیاند، بڕیارێکی بێ وێنەی ناوبژیوان ڕێگری لێکردوون لە یاریگای مێستایا لە ڤالانسیا ببەنەوە

شایەنی ئەو سێ خاڵە بوون، لەبەر ئەوەی تۆپەكەی برایم دیاز لە هەوادا بوو بەڵام ناوبژیوان یارییەكەی كۆتایی پێهێنا و گۆڵەكەی بێلینگهامی ڕەتكردەوە، رۆژنامەکانی مەدریدیش بە مانشێتی گەورە باسیان لە ستەمی ناوبژیوانی یاریەکەیان بەرامبەر ریاڵ مەدرید کردووە.

بەڵام بەپێی شیکردنەوەکانی شارەزایانی تۆپی پێ، بڕیارەکەی ناوبژیوان دروستە، لەبەر ئەوەی یارییەکەی لە کاتی خۆیدا تەواوو بووە و ئەنجامەکەش یەکسانبوونە، بەو هۆیەوە بڕیارەکە لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێک نییە.

جیا لەوەش، زۆرێک پێیان وایە لەرووی بەڕێوەبردنی یارییەکەوە ناوبژیوان هەڵەی کردووە، لەبەر ئەوەی پێش لێدانی گۆشەکە کاتی یاسایی یارییەکە تەواو بووە و ناوبژیوان دەیتوانی فیکەی کۆتایی لێبدات، بەڵام ناکرێت لەدوای جێبەجێکردنی لێدانی گۆشەکەوە و دروستبوونی ئەو هێرشە مەترسیدارە بەبێ پچران یارییەکە تەواو بکرێت.

b .k