سبەینێ دوو یاری چامپیۆنز لیگ بەڕێوەدەچێت

PM:04:09:20/02/2024

428 جار خوێندراوەتەوە

+ -

یارییەکانی چوونی قۆناغی 16ی چامپیۆنز لیگ کۆتا شەوی بەرێوەدەچێت و چوارشەممە لە کاتژمێر 11ی شەودا دوو یاری بەهێز ئەنجامدەدرێن.

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە دەرەوەی یاریگای خۆی و لە یاریەکی بەهێزدا رووبەڕووی یانەی ناپۆلی ئیتاڵی دەبێتەوە، ئارسناڵی ئینگلیزیش بەرامبەر پۆرتۆی پورتوگالی یاریدەکات.

بەرشەلۆنە بە کۆمەڵێک کێشەی زۆرەوە ئەو یاریە ئەنجامدەدات لەبەرئەوەی لە ماوەی رابردوودا ئەنجامەکانی ئەو یانەیە وەک پێویست نەبووە و لەو یاریانەشدا کە بردنەوەی بەدەستهێناوە جێگای دڵخۆشکردنی هاندەران نەبووە.

بەرشەلۆنە لە قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنز لیگ شەش یاری ئەنجامدا، چوار بردنەوە و دوو شکستی هەبووە و بە پێشەنگی کۆمەڵەی هەشتەم گەیشتە ئەم قۆناغە، 12 گۆڵی تۆمارکرد و شەش گۆڵیشی لێ تۆمارکرا.

لە بەرامبەردا بارودۆخی ناپۆلیش لە بەرشەلۆنە باشتر نییە چونکە ئەنجامەکانی وەک پێویست نین جگە لەوەش لەم وەرزەدا تا ئێستا دوو راهێنەری دوورخستووەتەوە و لە ئێستاشدا کالزۆنای سلۆڤاکی کردووەتە راهێنەر کە رووبەڕووبونەوەی بەرشەلۆنە یەکەم یاریەتی وەک راهێنەری یانە ئیتاڵیەکە.

بەرشەلۆنە لە مێژوویدا تەنیا لە چوار یاری فەرمیدا رووبەڕووی ناپۆلی بووەتەوە، لە دوو یاریدا بردنەوەی بەدەستهێناوە و لە دوو یاریشدا یەکسانبووە لەگەڵیدا، یانە کەتەلۆنیەکە نۆ گۆڵی تۆمارکردووە و ناپۆلیش پێنج گۆڵی کردووە.

ئارسناڵیش بە راهێنەرایەتی میکێل ئارتێتا وەرزێکی نایاب بەڕێدەکات و لە ئێستادا کێبڕکێیەکی بەهێز لە پریمەر لیگ و چامپیۆنز لیگ دەکات، دەیەوێت لە دەرەوەی یاریگای خۆی و بەرامبەر پۆرتۆ ئەنجامێکی نایاب بەدەستبهێنێت.

ئارسناڵ و پۆرتۆ لە مێژووی چامپیۆنز لیگدا شەش جار یاریان بەرامبەر یەکتر ئەنجامداوە، گەنەرز سێ بردنەوەی هەبووە و 12 گۆڵی تۆمارکردووە، پۆرتۆش لە دوو یاریدا براوە بووە و چوار گۆڵی تۆمارکردووە، لە یەک یاریشدا یەکسانبوون.

یانەی پۆرتۆی پورتوگالی ئەم وەرزە ئاستێکی نایابی هەیە و ئامانجی ئەوەیە لەم یاریەدا و بە پشتبەستن بە هاندەران ئەنجامێکی نایاب بەدەستبهێنێت تا لە یاری گەڕانەوەدا تووشی کێشە نەبێت و سەرکەوێت بۆ قۆناغی داهاتوو.

خ . ک