ئەمشەو لە چامپیۆنز لیگ دوو یاری بەڕێوەدەچێت

AM:08:33:20/02/2024

440 جار خوێندراوەتەوە

+ -

چامپیۆنز لیگ پاڵەوانێتیە دڵخوازەکەی هاندەرانی تۆپی پێ بەردەوامی هەیە و سێشەممە دوو یاری تری چوونی قۆناغی 16 بەڕێوەدەچن.

لە کاتژمێر 11ی شەودا، یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی لە یاریگای جیۆسێپی میاتزا و لە یاری لوتکەی قۆناغەکەدا میوانداری یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریدی ئیسپانی دەکات و هاندەرانیش چاوەڕێ دەکەن کێبڕکێیەکی بەهێز ببینن.

ئینتەر کە لە ساڵی رابردوودا پلەی دووەمی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێنا دەیەوێت لەم وەرزەشدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەربکەوێت و یەکێکیشە لە پاڵێوراوەکان بۆ گەیشتن بە قۆناغەکانی کۆتایی چامپیۆنز لیگ.

لە بەرامبەریشدا، یانە ئیسپانیەکە لەم وەرزەدا بە شێوازێکی جیاواز دەرکەوتوون و لەڕووی هێرشبردنەوە کوالێتیەکی بەرزیان هەیە ئامانجیان ئەوەیە کە بەرامبەر یانە ئیتاڵیەکە ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنن تا لە یاری گەڕانەوەدا رووبەرووی کێشە نەبنەوە.

ئینتەر و ئەتلەتیکۆ لە مێژوودا تەنیا یەک جار لە یاری فەرمیدا رووبەرووی یەکبونەتەوە ئەویش لە جامی سوپەری ئەوروپادا بووە لە ساڵی 2010، یانەکەی دێگۆ سیمیۆنی راهێنەری ئەرجەنتینی بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر براوەی ئەو یاریە بوون.

لە هەمان شەودا، یانەی بروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی لەدەرەوەی یاریگای خۆیدا رووبەڕووی یانەی ئایندهۆڤنی هۆڵەندی دەبێتەوە.

دۆرتمۆند لە قۆناغی کۆمەڵەکانی ئەم وەرزەی چامپیۆنز لیگ شەش یاری ئەنجامدا، سێ بردنەوە و دوو یەکسانبوون و شکستێکی هەبووە و بە 11 خاڵ و بە پێشەنگی کۆمەڵەی مەرگ گەیشتە قۆناغی 16.

یانەی بەرامبەریش کە ئایندهۆڤنە چاوەڕێی ئەوەی لێ دەکرێت کە ببێتە کێشە بۆ یانە ئەڵمانیەکە لەبەرئەوەی لە دوایین یاریەکانیدا ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە بەتایبەت لە خولی هۆڵەندا.
خ . ک