بارودۆخی بەرشەلۆنە تا دێت بەرەو خراپی دەڕوات

PM:05:16:12/02/2024

440 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بارودۆخی بەرشەلۆنە تا دێت بەرەو خراپی دەڕوات و لە ئێستادا نەک تەنیا هاندەران بەڵکو ئەندامانی دەستەی کارگێڕیش بێ هیواییان پێوە دیارە لە ئاست و ئەنجامەکانی یانەکە.

بارودۆخی بەرشەلۆنە لە ئێستادا بە جۆرێکە لە جامی شا ماڵئاوایان کردووە، لە خولی ئیسپانیا بە جیاوازی 10 خال لە دوای ریاڵ مەدریدی یەکەمەوە دێن، بەڕێوبەران و تەنانەت راهێنەر و یاریزانانی خودی یانەکەش بە ئاشکرا باسیان لەوە کردووە کێبڕکێکردنی بەدەستهێنانی لالیگا زۆر سەختبووە و نزیکە لە مەحاڵ.

لە ئێستادا تەنیا پاڵەوانێتی بەرشەلۆنە بە تەواوی لە کێبڕکێی بەدەستهێنانیدا ماوەتەوە چامپیۆنز لیگە، یانەکەی کەتەلۆنیا لە قۆناغی 16 رووبەڕووی ناپۆلی ئیتاڵی دەبێتەوە کە ئەو یانەیەش هاوشێوەی بەرشەلۆنە لە بارودۆخێکی زۆر سەختدایە.

بەرشەلۆنە ئەو ناوە گەورەی هەمووان لێی دەترسان لە پێنج یاری رابردوویدا تەنیا دوو یاری بردوەتەوە و لە دوو یاریشدا شکستی هێناوە، لە کۆتا یاریشدا لە خولی ئیسپانیا بەرامبەر گرانادای پلەی 19یەم یەکسان بوو، وە بارودۆخەکە بە جۆرێکە تەنانەن خودی راهێنەر و یاریزانانی یانەکەش بە روونی دانیپێدادەنێن ئاستیان جێگیر نییە.

ئێستا بارودۆخی بەرشەلۆنە ئەوەندە خراپە کە سیما و کەسایەتی پاڵەوانبوونی لەدەستداوە و توانای ئەوەشی نەماوە کە لە یاریەکدا بە ئاسانی بردنەوە بەدەستبهێنێت لە کاتێکدا لە چەند ساڵی رابردوودا پێکهاتەیەکی هێندە بەهێزی هەبووە کە هیچ یانەیەک ئارەزووی رووبەڕووبونەوەی نەدەکرد.

بەشێک لە هۆکاری خراپی ئەنجامەکانی بەرشەلۆنە بۆ چاڤی هێرناندێزی راهێنەری دەگەڕێنرێتەوە، بە شێوەیەک پێیانوایە بەهۆی کەم ئەزمونیەکەیەوە توانای سەرکردایەتی کردنی بەرشەلۆنەی نییە و تەنانەت خاوەنی پلانێک و شێوازێکی تایبەت بە خۆی نییە لە کارەکەیدا، جگە لەوەش لە ماوەی رابردوودا بەهۆی فشارێکی زۆر لەسەری رایگەیاند کۆتایی وەرز راهێنەرایەتی یانەکەی جێدە‌هێڵێت.

هۆکاری زۆربەی کێشەکانی بەرشەلۆنە دەگەرێتەوە بۆ کێشەی دارایی، یانەکە ناتوانێت گرێبەست لەگەڵ یاریزانە دڵخوازەکانی بکات بەهۆی ئەو کێشەیەوە، لەبەر ئەوەش لە چەند ساڵی رابردوو هێدی هێدی گرێبەستەکانی بچووک بوونەوە و تا وایلێهات لە ئێستادا بەرپرسانی یانەکە بانگەشەی ئەوە دەکەن توانای کڕینی یاریزانی سوپەریان نییە.