رۆناڵدۆ تەمەنی بووە 39 ساڵ و دەیەوێت بە ئاستبەرزی بمینێتەوە

PM:04:36:05/02/2024

428 جار خوێندراوەتەوە

+ -

رۆناڵدۆ ئەو ئەستێرەیەی کە گرنگی بە هەڵکشانی تەمەنی نادات و بەردەوام هەوڵی تۆمارکردنی ئاماری نوێ دەدات

کریستیانۆ رۆناڵدۆ تەمەنی بووە 39 ساڵ و لە دایکبووی پێنجی مانگی دووی ساڵی 1985ە، ئەستێرە پورتوگالیەکە لە نەخۆشخانەی مێندۆنچای شاری فونشاڵی دورگەی مادێرا چاوی بە دونیا هەڵهێنا لە خێزانێکی هەژار، لە سەرەتادا دایکی ویستویەتی لەباری بەرێت بەهۆی هەژاریەوە، بەڵام دواتر بڕیاری گۆڕی و ئەو کوڕەی هێنا دونیاوە کە خاوەنی ملیۆنان هەوادارە لە ئێستادا.

رۆناڵدۆ تۆپی پێی پیشەیی لە یانەی سپۆرتینگ دەستپێکرد و پاشان سەرنجی زۆرێک لە یانەکانی راکێشا تا لە کۆتایدا مانچستەر یونایتد سەرکەوتوبوو لە گواستنەوەی، ئەفسانەکەی مادێرا لەگەڵ شەیتانە سورەکان درەوشایەوە و لە ماوەی نزیک شەش ساڵ یاریکردنی لەگەڵ یانەکە توانی سێ جار ببێتە پاڵەوانی پریمەرلیگ و جارێکیش چامپیۆنز لیگی بەدەستهێنا، دواتر گەیشتە سەر ستەیجی خەڵاتەکان و لە ساڵی 2008 یەکەمین باڵۆندۆری وەک باشترین یاریزانی جیهان بەدەستهێنا.

پاشان رۆناڵدۆ ئەزمونێکی نوێی تاقیکردەوە و رووی لە ریاڵ مەدرید کرد و ناوی خۆی بە زێڕ لە مێژووی مێرێنگی نوسیەوە و لەماوەی نۆ ساڵی یاریکردنی لەگەڵ یانەکە، دۆن توانی ببێتە گۆڵکاری مێژووی ریاڵ مەدرید بە تۆمارکردنی 450 گۆڵ لە 438 یاریدا.

هەر لەگەڵ یانەی شاهانە، کریستیانۆ توانی چوار جار ببێتە پاڵەوانی چامیپۆنز لیگ و چوار خەڵاتی باڵۆندۆری تری بەدەستهێنا لەگەڵ دەیان خەڵاتی تاکەکەسی و گشتی، ئەمەش وایکرد ببێتە ئەو یاریزانەی هەمیشە لە هزری هاندەرانی ریاڵ مەدریدا دەمێنێتەوە.

پاش جێهێشتنی ریاڵ مەدرید ئەستێرە پورتوگالیەکە لەگەڵ یانەی یۆڤانتۆس درەوشایەوە و چەندین خەڵاتی تاکەکەسی و نازناوی لەگەڵ یانەکە بەدەستهێنا، پاشان گەڕایەوە یونایتد و دواتر لەوێشەوە رۆیشتە سعودیەوبینەرانی تۆپی پێی بردە ئەو وڵاتە عەرەبیە.

ئەفسانەکەی تۆپی پێ خاوەنی چەندین ریکۆردی گەورەیە کە شکاندیان ئاسان نییە، لە ناویاندا گۆڵکاری مێژوویی تۆپی پێیە، گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەکان و چامپیۆنز لیگیشە، جیا لەوەی گۆڵکاری مێژوویی یانەی ریاڵ مەدریدە و لەگەڵ دەیان ریکۆردی تر.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ یەکێک لە بەناوبانگترین و دەوڵەمەنترین کەسایەتیەکانی جیهانە و لە ساڵەکانی 2016 و 2017 لەلایەن بڵاوکراوەی فۆربێزەوە بە پڕداهاتترین وەرزشکاری ساڵ هەڵبژێردراوە، لە ساڵەکانی 2016 و 2019 لەلایەن تۆڕی ئێس پی ئێنەوە بە بەناوبانگترین وەرزشکاری ساڵ هەڵبژێردراوە.

رۆژنامی تایم رۆناڵدۆی بە یەکێک لە کاریگەرترین 100 کەسایەتیەکانی ساڵ هەڵبژارد لە ساڵی 2014، وە ئەفسانە پورتوگالیەکە یەکەم یاریزانی تۆپی پێ و سێیەم وەرزشکاری مێژووە سامانەکە بگاتە سەرو یەک ملیار دۆلار.

لە ئێستادا رۆنالدۆ پێی ناوەتە تەمەنی 39 ساڵیەوە بەڵام هێشتا چاوی لە بەدەستهێنانی نازناوەکان و گرنگترین ئامانجیشی بردنەوەی یۆرۆی 2024، پاشان بردنەوەی نازناوەکان لەگەڵ یانەی نەسڕ.

لە کۆتاییدا لە ئێوە دەپرسین، ئایا رۆناڵدۆ دەتوانێت ئەمساڵیش بەو ئاستە بەرزەوە بمێنێتەوە یان نا؟

خ . ک