بارودۆخی یانە کوردیەکان لە خولی عێراق چۆنە؟

PM:10:52:31/05/2023

896 جار خوێندراوەتەوە

+ -

دهۆک باشترین یانەی کوردیە لە خولی عێراق و هەولێر و نەورۆز نزیکن لە مانەوە و زاخۆ مەترسی لەسەرە.

تا ئێستا لەم وەرزەی خولی نایابی عێراقدا 31 هەفتە ئەنجامدراوە و تەنیا حەوت هەفتە ماوە کۆتاییبێت بە یارییەکان و چوار یانەی کوریش بەشدارن لە خولەکەدا کە ئەوانیش دهۆک و هەولێر و نەورۆز و زاخۆن.

یانەی دهۆک لەم وەرزەی خولی نایابی عێراقدا باشترین ئەنجامی هەیە لە نێو یانە کوردیەکاندا هەرچەندە لە چاو یانەکانی تردا کەمترین یاریزانی پیشەگەری گواستووەتەوە و زیاتر پشتی بە یاریزانە کوردەکان بەستووە.

یانەی هەولێریش کە ژمارەیەک گرێبەستی زۆری ئیمزاکرد پێش دەستپێکردنی وەرز و چەند راهێنەرێکیشی دوورخستەوە بەهۆی ئەنجامە خراپەکانیەوە لە ئێستادا تا رادەیەک ئەنجامەکانی باشتر بووە و نزیکبووەتەوە لە مسۆگەر کردنی مانەوە لە وەرزی داهاتووی خولەکەدا.

یانەی نەورۆزیش بە هەمان شێوەی یانەی هەولێر ژمارەیەک گرێبەستی زۆری ئەنجامدا کە زۆربەیان یاریزانی پیشەگەر بوون بەتایبەت یاریزانی بەرازیلی بەڵام ئەنجامەکانی ئەو یانەیە جێگیر نییە .

یانەی زاخۆ بە پێچەوانەی وەرزی رابردوو، ئەنجامەکانی لەم وەرزەدا وەک پێویست نییە و تەنیا یەک خاڵ لەو پلەیەوە دوورە کە دادەبەزێت بۆ خولی پلە یەک لە وەرزی داهاتوودا و دەیەوێت لە هەفتەکانی داهاتوودا بە چەند بردنەوەیەک مانەوەی لە خولەکەدا مسۆگەر بکات.
خ . ک