بەنفیکا هەوڵی گەڕاندنەوەی دی ماریا دەدات

PM:09:48:31/05/2023

384 جار خوێندراوەتەوە

+ -

دی ماریا نزیکە لە جێهێشتنی یۆڤانتۆس و یانەی بەنفیکاش هەموو هەوڵێک دەدەن لەپێناو گەڕانەوەیدا.

ئەنخێل دی ماریای ئەرجەنتینی و یاریزانی یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی لە هاوینی رابردوودا گرێبەستێکی یەک ساڵی لەگەڵ یانە ئیتاڵیەکە ئیمزا کرد و لە کۆتایی ئەم وەرزەدا گرێبەستەکەی تەواودەبێت و نەگەیشتووەتە رێککەوتن بۆ نوێکردنەوەی.

لە ماوەی رابردوودا بەرپرسانی یۆڤانتۆس گفتوگۆیان لەگەڵ دی ماریا کرد بەمەبەستی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بەڵام بە پێی هەواڵی رۆژنامە ئیتاڵیەکان ئەو یاریزانە ئۆفەری یانەکەی رەتکردووەتەوە و بڕیاریداوە لەو یانەیە بڕوات.

لە نوێترین پێشهاتدا، فابریزیۆ رۆمانۆی شارەزا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان ئاشکرایکردووە، یانەی بەنفیکای پورتوگالی کە یەکەم یانەی ئەوروپای یاریزانە ئەرجەنتینیەکە بووە بە خۆشحاڵیەوە پێشوازی لە گەڕانەوەی دی ماریا دەکەن بۆ ریزەکانی یانەکەیان .

فابریزیۆ دەڵێت، بەرپرسانی بەنفیکا لە چەند هەفتەی داهاتوودا هەوڵەکانیان دەستپێدەکەن بەمەبەستی گواستنەوەی دی ماریا بۆ یانەکەیان بە گرێبەستێکی ئازاد.

دەشڵێت، تا ئێستا هیچ گفتوگۆیەک لە نێوان دی ماریا و یانە پورتوگالیەکە نەکراوە و ئەو یانەیەش تاکە بژاردەی ئەستێرە ئەرجەنتینیەکە نییە چونکە چەند گرێبەستێکی تری پێشکەشکراوە لەلایەن یانە ئەوروپییەکان و سعودیەکانەوە لە کاتێکدا ئەو یاریزانە دەیەوێت لە ئەوروپا درێژە بە یاریکردن بدات.

خ . ک