پۆچیتینۆ شۆڕشێکی گەورە لە پێکهاتەی چێڵسیدا دەکات

PM:08:35:31/05/2023

588 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پۆچیتینۆ ئامادەکارییەکانی بۆ شۆڕشێکی گەورە لە پێکهاتەی چێڵسی دەستپێکردووە و دەستبەرداری 15 یاریزان دەبێت.

رۆژنامەی میرەری بەڕیتانی بڵاویکردووەتەوە، ماوریسیۆ پۆچیتینۆی راهێنەری نوێی یانەی چێڵسی ئینگلیزی لە ئێستاوە ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی داهاتوو دەستپێکردووە.

رۆژنامەکە ئاشكرایکردووە، پۆچیتینۆ بەنیازی ئەنجامدانی شۆڕشێکی گەورەیە لە پێکهاتەی چێڵسیدا و لیستێکی 15 یاریزانی دیاریکردووە کە ریزەکانی ئەو یانەیە جێبهێڵن و بخرێنە لیستی فرۆشتنی یانەکەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو یاریزانانەی کە لەلایەن پۆچیتینۆوە داوای فرۆشتنیان کراوە پێکهاتوون لە ئیدوارد مێندی و ماسۆن ماونت و کۆلیبالی و کانتی و حەکیم زیاش و ئۆبامیانگ و پۆلیسیچ و هەروەها هەریەکە لە کۆڤاسیچ و ئازپلیکوێتا و چەند یاریزانێکیتر.

دوپاتیشیکردووەتەوە، راهێنەرە ئەرجەنتینیەکە بڕیاریداوە پشت بە جواو فلێکس نەبەستێت و بەو هۆیەش ئەو یاریزانە دەگەڕێتەوە ئەتلەتیکۆ مەدرید، دینیش زەکەریاش گریبەستەکەی ناکرێتە هەمیشەیی و دەگەڕێتەوە یۆڤانتۆس.

چێڵسی لە ئێستادا خاوەنی 33 یاریزانە لەگەڵ 20 یاریزانیتر کە بە خواستن بۆ یانەکانی تر یاریدەکەن و بڕیاریشە پۆچیتینۆ لیستێک ئامادەبکات کە بەرپرسانی چێڵسی هەوڵی گواستنەوەیان بدەن.

خ . ک