پلانی نوێی بەرشەلۆنە بۆ گەڕاندنەوەی میسی

PM:04:58:31/05/2023

1912 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەرشەلۆنە رێگەیەکی نوێ بەکاردەهێنێت بۆ گەڕاندنەوەی میسی و یاریزانەکەش 10 رۆژی بۆ ئەو یانەیە دیاریکردووە.

رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی پلانێکی نوێی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئاشكراکرد بەمەبەستی گەڕاندنەوەی لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی کە کاریگەری لەسەر قەیرانە داراییەکانیان دروست نەکات.

رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی بەرشەلۆنە پەنا بۆ رێگەیەکی نوێ دەبەن لەپێناو گەڕاندنەوەی میسی ئەویش بە شێوەیەکە کە ئەو یاریزانە بە خواستن بگوازنەوە ریزەکانیان.

ئاشكراشیکردووە، پلانی یانە کەتەلۆنیەکە بەکارهێنانی یانەی ئینتەر میامی ئەمریکیە بەشێوەیەک کە ئەو یانەیە گرێبەست لەگەڵ لیۆنێل میسیدا بکات و لە هەمان کاتیشدا ئەو یاریزانە بە خواستنی شەش تا 18 مانگ بداتە یانەی بەرشەلۆنە.

راشیگەیاندوە، ئەگەر ئەو پلانە سەر بگرێت ئەوا میسی بە ئاسانی دەتوانێت بگەڕێتەوە بەرشەلۆنە بە بێ ئەوەی بڕە پارەیەکی زۆر لەسەر یانە کەتەلۆنیەکە بکەوێت و ئەو یاریزانەش ئامادەکاریەکی باش دەکات بۆ یارییەکانی کۆپا ئەمریکای 2024.

لەلایەکی ترەوە تۆڕی ریلیڤیۆ ئاشکرایکردووە، لیۆنێل میسی دوو داواکاری لە بەرشەلۆنە هەیە بۆ گەڕاندنەوەی، یەکەمیان ئەوەیە لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا بابەتی گەڕانەوەی یەکلابکەنەوە و لەگەڵ رابیتەی لا لیگا بگەنە رێککەوتن، دووەمیشیان داوای درێسی ژمارە 10ی کردووە لە ئەگەری گەڕانەوەیدا.
خ. ک