گواردیۆلا بۆ چوارەم جار بەباشترین ڕاهێنەرى پریمەر لیگ دیاریکرا

AM:08:30:31/05/2023

1180 جار خوێندراوەتەوە

+ -

گواردیۆلا بۆ چوارەم جار بە باشترین ڕاهێنەرى پریمەر لیگ دیاریکرا و بەڵێنى بەدەستهێنانەوەى نازناوى خولەکەش دەدات.

ڕابیتەى خولى نایابى تۆپى پێى ئینگلتەرا ئاشکرایکرد، پیپ گواردیۆلاى ڕاهێنەرى یانەى مانچستەر سیتى، خەڵاتى باشترین ڕاهێنەرى ئەم وەرزەى خولەکەى بەدەستهێناوە.

لەم بارەیەوە گواردیۆلا دەڵێت "دڵخۆشم و شانازییەکى باوەڕپێنەکراوە، بەڵێنتان پێدەدەم لە وەرزى داهاتوودا ئەوەى لە تواناماندا هەبێت دەیکەین بۆ دووبارە بەدەستهێنانى نازناوى پریمەر لیگ".

بۆ چوارەم جارە گواردیۆلا ئەم خەڵاتە بەدەستدەهێنێت، کە پێشتریش سێ جار لە وەرزەکانى 2017 بۆ 2018 و 2018 بۆ 2019 و 2020 بۆ 2021 بە باشترین ڕاهێنەرى پریمەر لیگ دیاریکراوە.

گواردیۆلا بوو بە دووەم ڕاهێنەر زۆرترین خەڵاتى باشترین ڕاهێنەرى وەرزى پریمەر لیگ بەدەستبهێنێت لە دواى سێر ئەلێکس فێرگسۆنى ڕاهێنەرى پێشووى مانچستەر یونایتدەوەیە، کە ئەم 11 جار خەڵاتەکەى پێبەخشراوە.

ڕابیتەى ناوبراو ئاماژەى بەوەکردووە، دیاریکردنى باشترین ڕاهێنەرى وەرز لە ڕێگەى دەنگدانى هاندەران و لیژنەیەک لە شارەزاییانى تۆپى پێوە ئەنجامدراوە و گواردیۆلاش کێبڕکێکەى لە میکێل ئارتێتا و ڕۆبێرتۆ دى زێربى و ئۆناى ئیمرى و ئیدى هاو و مارکۆ سیلڤا بردووەتەوە.

گواردیۆلا توانى نازناوى ئەم وەرزەى پریمەر لیگ بۆ مان سیتى بەدەستبهێنێت، کە لە ماوەى حەوت ساڵ کارکردنى لەگەڵ سیتیزن بۆ پێنجەم جارە دەبێت بە پاڵەوانى خولەکە، هەر لەم وەرزەدا تیپەکەى سەرخستووە بۆ یارى کۆتایى جامى یەکێتى ئینگلتەرا و خولى یانە پاڵەوانەکانى ئەوروپا.

گ . ف

Image
Image
Image