مۆرینیۆ: لەگەڵ کاپتنەکام قسەم لەسەر داهاتووم کردووە

PM:11:26:30/05/2023

476 جار خوێندراوەتەوە

+ -

مۆرینیۆ ڕەتیکردەوە داهاتووى خۆى لە ڕۆمادا ئاشکرابکات و دووپاتیکردەوە سەرنجى تەواوى لەسەر یارى کۆتایى یۆرۆپا لیگە.

لە سەروبەندی یارییەکەى سبەینێى بەرامبەر سیڤییە لە یارى کۆتایى خولى ئەوروپا، خۆسێ مۆرینیۆى ڕاهێنەرى ڕۆما ئاماژەى بەوەکرد، لە بارەى داهاتوویەوە قسەى لەگەڵ کاپتنەکانى تیپەکەى کردووە و زۆریش ڕوونبووە لەگەڵیان، بەڵام ئاشکراینەکرد چ بڕیارێکى داوە و دووپاتیکردەوە سەرنجى تەنیا لەسەر ئەو یاریەیە.

لە کۆنفرانسى ڕۆژنامەنوسی تایبەت بە هەمان یارى ئەو پرسیارە لە مۆرینیۆ کرا، کە ئایا دواى بردنەوەى یۆرۆپا لیگ ڕۆما بەجێدەهێڵێت؟ هەر وەک لە 2010دا ئینتەر میلانى بەرەو ڕیاڵ مەدرید بەجێهێشت دواى بردنەوەى سێ نازناوە گەورەکە لە یەک وەرزدا، بەڵام مۆرینیۆ خۆى لە پرسیارەکە دزییەوە و وتى "لەوانەیە پێویست بێت هەمان پرسیار لە ڕاهێنەرى سیڤییە بکەن، چونکە ئەویش لە هەمان بارودۆخدایە".

مۆرینیۆ ئاشکرایکرد، کاپتنەکانى یانەکەشى هەمان پرسیاریان لێکردووە، بەڵام نایەوێت ئەوە ئاشکرابکەن کە قسەیان لەسەرکردووە و لە نێوان خۆیاندا دەمێنێتەوە و شتێکى تایبەتە، بەڵام جیاوازییەکى زۆر لە نێوان ئێستا و ئەو کاتەى ئینتەر میلاندا هەیە.

مۆرینیۆ دەڵێت "سەرەڕاى ڕێککەوتن ئەو کات هیچ گرێبەستێکم لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید ئیمزانەکردبوو، بەڵام لە ئێستادا هیچ شتێک لە ئارادانییە، جگە لەوەش گرنگى پێنادەم، تەنیا سەرنجم لەسەر ڕۆما و یارى کۆتایى سبەینێیە".

گ . ف