حەبیب ئەو پاڵەوانە موسوڵمانەی کە بە هەڵۆی داغستان ناسراوە و هەرگیز شکستی نەهێناوە

AM:11:36:13/09/2022

3596 جار خوێندراوەتەوە

+ -

حەبیب نور محەمەدۆڤ ئەو پاڵەوانە موسوڵمانەی کە بە هەڵۆی داغستان ناسراوە و هەرگیز شکستی نەهێناوە.

حەبیب ساڵی 1988 لە شاری تسومادینسکی سەر بە ویلایەتی داغستان لە خێزانێکی هەژاردا لەدایکبووە، خاوەنی بڕوانامەی ئەکادیمیای داراییە و ماستەری نێودەوڵەتی لە هونەری بەرگریدا هەیە.

حەبیب ساڵی 2013 پڕۆسەی هاوسەرگیری ئەنجامداوە لەگەڵ خانمێک کە ناسنامەی ئاشکرانەکراوە کە خاوەنی دوو منداڵە و کوڕەکەی ناوی محەمەدە.

شارەزایی و بەهرەمەندی محەمەدۆڤ لە سەرەتاکانی تەمەنیدا دەرکەوت و باوکی هەمیشە ڕاهێنانی پێدەکرد و سەرپەرشتی دەکرد کاتێک لە قاتی خوارەوەی ماڵەکەیاندا بەتایبەتی فێری هونەرە جەنگیەکانی دەکرد و لەکاتێکدا تەمەنی نۆ ساڵی تێنەپەڕاندبوو وورچێکی بۆ ئامادەکرد تا لەگەڵیدا زۆرانبازی بکات و ڕاهێنانی لەسەر بکات.

ساڵی 2008 یەکەم هەنگاوی سەرکەوتنەکانی دەستپێکرد لە جیهانی هونەر جەنگیەکاندا کە ناوی خۆی بە پیتی ئاڵتوونی تۆمارکرد، یەکەم بەشداریکردنی حەبیب لەیاریەکانی ئێم ئێم ئەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەیلولی 2008 کە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا چوار بردنەوەی بەدەستهێنا.

سەرەتای ساڵی 2011 هەلێکی بەدەستهێنا تا ڕکابەری لەسەر نازناوی پاڵەوانیەتی جیهانی یو ئێف سی بکات، لەوکاتەوە سەرەتای ئەو زنجیرە بردنەوانەی دەستپێکرد کە 29 سەرکەوتنی تۆمارکرد بەبێ ئەوەی هیچ یاریەک شکستبهێنێت.

دیارترین قۆناغی کاروانی وەرزشی حەبیب دەگەڕێتەوە بۆ ئەیلولی 2018 کاتێک توانی کۆنەر مەکریگۆری ئێرلەندی ببەزێنێت و ببێتە پاڵەوانی جیهان.

محەمەدۆڤ هەمیشە شانازی بە ئاینی ئیسلامەوە دەکات و لە چەندین بۆنەدا وەڵامی ئەو کەسانەی داوەتەوە کە سوکایەتیان بە ئاینەکەی کردووە، کاتێک ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا قسەی خراپی بە ئیسلام و موسوڵمانان ووت ڕاستەوخۆ هەستا بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی ئەو سەرۆکە و لەسەری نوسی ئێمەی موسوڵمان پێغەمبەرەکەمان لە دایک و باوکمان و سەرجەم بونەوەرەکان خۆشتر دەوێت.

لە تەمووزی 2020 ئەو هەواڵەی پێگەیشت کە پشتی شکاند دوای ئەوەی باوکی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کۆچی دوایی کرد، لەدوای مردنی باوکی پاڵەوانیەتیەکان بۆ حەبیب مانای نەما و لەکۆتا یاری خۆی کە سەرکەوتنی بەدەستهێنا ڕاستەوخۆ دەستیکرد بە گریان و وازهێنانی یەکجاری خۆی لە یاریکردن ڕاگەیاند.

ئەو پاڵەوانە ڕووسیە خۆشەویستیەکی زۆری بۆ یاری تۆپی پێ هەیە و بە خەونی منداڵی ناویدەبات و لە چاوپێکەوتنێکیشدا دوپاتیکردەوە کە پەیوەندیەکی زۆرباشی لەگەڵ کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ هەیە و چەندین شتی گرنگ لەو یاریزانەوە فێربووە.