کەی خولە ئەوروپییەکان دەستپێدەکەنەوە؟

PM:11:56:13/07/2022

4280 جار خوێندراوەتەوە

+ -

دەستپێکردنەوەی وەرزێکی نوێی پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپا کەمتر لە 25 رۆژی ماوە و هاندەرانی تۆپی پێش بە پەرۆشیەوە چاوەڕێن و پێشبینی دەکەن کە وەرزی داهاتوو کێبڕکێیەکی بەهێز لە نێوان یانە گەورەکاندا هەبێت.

لە پێنجی مانگی هەشتی داهاتوودا یەکەم هەفتەی وەرزێکی نوێی خولی نایابی ئینگلتەرا بە یاری نێوان هەردوو یانەی کریستال پالاس و ئارسناڵ دەستپێدەکات.

یانەکانی ئینگلتەرا زۆرترین گرێبەستی نوێیان ئەنجامداوە لە پێناو بەهیزکردنی پێکهاتەی یانەکەیان و چاوەڕێدەکرێت کە بەهێزترین کێبڕکێ لە وەرزی داهاتووی خولەکەدا هەبێت.

بە نمونەش یانەکانی مانچستەر سیتی و لیڤەرپوڵ و تۆتنهام گرێبەستیان لەگەڵ چەندین یاریزانی نوێیدا ئیمزا کردووە و مانچستەر یونایتدیش دەیەوێت بە راهێنەرایەتی تین هاگی هۆڵەندی بگەڕێتەوە سەر کێبڕکێکردنی یانە گەورەکان بۆ بردنەوەی نازناوەکە.

لە هەمان رۆژدا، وەرزی نوێی خولی ئەڵمانیا دەستپێدەکات و یەکەم یاری هەفتەکەش لە نێوان هەردوو یانەی بایرن میونشنی پاڵەوانی وەرزی پێشوو بەرامبەر یانەی فرانکفۆرت دەبێت.

بایرن میونشن بۆ وەرزی داهاتووش پاڵێوراوی یەکەم دەبێت بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە و دەیەوێت بۆ 11 مین ساڵی بە دوای یەک ببێتە پاڵەوانی خولەکە.

یانەی بروسیا دۆرتمۆندیش هەرچەندە ئیرلینگ هالاندی نەرویجی لەدەستداوە بەڵام ئامانجیان ئەوەیە کە وەرزی داهاتوو ببنە کێشە بۆ بایرن میونشن و کێبڕکێی بردنەوەی نازناوەکەی لەگەڵدا بکەن.

هەر لە پێنجی مانگی داهاتوودا، بە یاری نێوان هەردوو یانەی لیۆن و ئەجاکسیۆ وەرزێکی نوێی خولی پلە یەکی فەرەنسا دەستپێدەکات و کۆتا هەفتەی خولەکەش سێی مانگی شەشی ساڵی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.

لە یەکەم هەفتەدا، یانەی پاریس سان جێرمانی پاڵەوانی وەرزی رابردوو میوانداری کلێرمۆن دەکات و ئامانجی ئەو یانەیەش لە وەرزی داهاتوودا و بە ڕاهێنەرایەتی گالتییەی ڕاهێنەری نوێ بردنەوەی سەرجەم نازناوەکانە بەتایبەتچامپیۆنز لیگ.

لە 12ی هەمان مانگدا، وەرزێکی نوێی خولی ئیسانیا دەستپێدەکات بە یاری نێوان هەردوو یانەی ئۆساسۆنا و سیڤیلیە، هەر لە یەکەم هەفتەدا ریاڵ مەدرید دەبێتە میوانی ئەلمیریا و بەرشەلۆنەش بەرامبەر رایۆ ڤایۆکانۆ یاریدەکات.

یانەی ڕیاڵ مەدریدی پاڵەوانی وەرزی رابردوو لە بازاری گواستنەوەی هاوینەی ئەمساڵدا تا ئێستا دوو گرێبەستی گرنگی ئەنجامداوە کە ئەوانیش ئەنتۆنیۆ رۆدیگێری ئەڵمانی و چوامینی فەرەنسین و دەیەوێت پارێزگاری لە نازناوەکە بکات.

یانەی بەرشەلۆنەش بۆ وەرزی داهاتوو ئامانجی ئەوەیە کە باڵادەستی ریاڵ مەدرید نەهێڵێت و جارێکیتر نازناوی خولی ئیسپانیا بگەڕێنێتەوە کەتەلۆنیا و بەرپرسانی ئەو یانەیە کار دەکەن لەسەر ئیمزا کردنی چەند گریبەستێک، تا ئێستاش گرێبەستیان لەگەڵ فرانک کیسێ و کریستنسن کردووە.

وەرزێکی نوێی خولی ئیتاڵیاش لە دوای سەرجەم خولەکانیتر و لە 13ی مانگی هەشتی داهاتوو دەستپێدەکات بە یاری نێوان هەردوو یانەی ئەی سی میلانی پاڵەوانی وەرزی پێشوو بەرامبەر یانەی ئۆدینیزی.

چاوەڕێدەکرێت وەرزی داهاتووی خولی ئیتاڵیا کێبڕکێیەکی بەهێز بەخۆوە ببینێت بەتایبەت دوای ئەوەی یانەی یۆڤانتۆس چەند گرێبەستێکی گرنگی ئەنجامداوە بە نمونەی پۆل پۆگبا و ئەنخێل دی ماریا .

یانەی ئینتەر میلانیش تا ئێستا پێنج گرێبەستی لەگەڵ یاریزانی نوێدا ئیمزا کردووە بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەکەی کە گرنگترینیان رۆمیلۆ لوکاکۆ و مخیتاریان و ئۆنانای گۆڵچین.

خ . ک