دەزانیت نیوە بازنەى سەر هێڵى سزا سودى چییە لە تۆپى پێدا؟

PM:05:30:27/06/2022

9900 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەو هۆکارە سەیرە چییە واى کرووە نیوە بازنەیەک لە دەورى هێڵى ناوچەى سزادا بکێشرێت؟

لەوانەیە وابیربکەیتەوە، کە هەموو شتێک دەزانیت، کە پەیوەندى بە تۆپى پێوە هەبێت، بەڵام گەر ئەم پرسیارەى سەرەوەت لێبکرا و پێیان وتیت ئەو قەوسە چییە لەسەر هێڵى سزا بەرامبەر گۆڵ کێشراوە، ئایا وەڵامەکەى دەزانیت؟

 

لەوانەیە پێویستت بە بیرکردنەوە بێت، کە چۆن ئەو هەموو یارییەى تۆپى پێت بینیوە و کەچى بە خەیاڵتدا نەهاتووە ئەو نیوە بازنەیە چییە و بۆ چى بەکاردێت.

ئێستا بۆ نمونە بازنەى ناوەڕاستى یاریگا ڕوونکردنەوەیەکى ئاشکراى هەیە، کە دوورخستنەوەى یاریزانانە بە ماوەیەکى زانراو لە خاڵى لێدانى سەرەتا، یان دواى تۆمارکردنى گۆڵ و دووبارە دەستپێکردنەوەى یارى لە خاڵى سەرەتاوە، کە لەو کاتەدا یاریزانى تیپى بەرامبەر مافى ئەوەیان نییە بچنە ناو بازنەکەوە، تەنیا دواى جێبەجێکردنى لێدانى سەرەتا نەبێت.

هاوکات قەوسى بەردەم ئاڵاى سوچى یاریگا، ئەمیش ئامانجێکى ڕوونى هەیە و دیاریکردنى شوێنى تۆپە پێش لێدانى سوچ.


بەڵام ئەى قەوسى سەر هێڵى سزا چییە و سودى چییە؟

ئایا بەجدى ئەو نیوە بازنەیە بەکاردێت لەلایان یاریزانانەوە؟

پێش ساڵى 1937 ئەو نیوە بازنەیە لەسەر هێڵى ناوچەى سزا بوونى نەبوو، بەڵام دواى چەندین ساڵ لە داهێنانى لێدانى سزا لە 1899دا و چاودێرى جێبەجێکردنى لێدانى سزا لەلایەن یاریزانانەوە لە خاڵى لێدانەکەوە، یەکێتى تۆپى پێى جیهان درکى بەوەکرد پێویستى بە بیرۆکەیەى نوێ هەیە بۆ پارێزگاریکردن لەو یاریزانەى لێدانى سزا جێبەجێدەکات لە بەرکەوتن و قەرەباڵغى.

بۆ ئەمەش سەرجەم یاریزانانى ناچارکران لە دەرەوەى ناوچەى سزا ڕابوەستن لە ساتى جێبەجێکردنى لێدانەکەدا، تەنیا ئەو یاریزانە نەبێت، کە لێدانەکە جێبەجێ دەکات لەگەڵ گۆڵچى تیپى بەرامبەر.

لە پێناوى دیاریکردنى دوورییەکى ڕوونتر و وردترى یاریزانان لە خاڵى لێدانى سزاوە نیوە بازنەى سەر هێڵى سزا بە دوورى 10 یاریدە کێشرا، کە یاریزانان لە کاتى جێبەجێکردنى لێدانى سزادا لە دەوریدا کۆدەبنەوە، کە هەموویان هەمان دوورییان دەبێت لە خاڵى سزاوە.

ئەو نیو بازنەیە بە بەشێک لە ناوچەى سزا هەژمارناکرێت، گەر تیایدا فاوڵێک ڕوویدا نابێتە لێدانى سزا، بەڵکو دەبێتە لێدانى ڕاستەوخۆ.

گ . ف

منطقة الجزاء