سبەینێ یاری کۆتایی چامپیۆنز لیگ بەڕێوەدەچێت

PM:03:29:27/05/2022

5612 جار خوێندراوەتەوە

+ -

دوای ڕکابەرییەکی بەهێز لەنێوان دوو جەمسەری گەورەی دنیای تۆپی پێ دواجار هەردوو یانەی ڕیاڵ مەدرید و لیڤەرپوڵ لە یاریگای سان دۆنی لەپاریسی پایتەختی فەرەنسا جەنگی یەکلاکرنەوەو بەدەست هێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ دەکەن.

ریاڵ مەدرید دەیەوێت بە ئەزمونە زۆرەکەی لە پاڵەوانێتیەکەدا و بەتایبەت بردنەوە سەرنجڕاکێشەکانی لە سێ قۆناغی پێشووتری ئەم وەرزە نازناوەکە بۆ خۆی مۆسگەر بکات.

یانەی ریاڵ مەدرید بە دەرونێکی ئارامەوە یاریدەکات چونکە پێش کۆتایی هاتنی خولی ئیسپانیای ئەم وەرزە بە چەند هەفتەیەک نازناوەکەی یەکلاکردبوەوە بەڵام سەرنەوکەتن لە ئیمزا کردنی گرێبەست لەگەڵ کیلیان مباپی یەکێک دەبێت لەو هۆکارانەی کە دەکرێت تا ڕادەیەک کاریگەری لەسەر ئاستی یانە ئیسپانیەکە دروستبکات بەو پێیەی دۆخێکی شڵەژانی لە یانەکە دروست کرد.

لە بەرامبەردا، یاریزانانی یانەی لیڤەرپوڵ زۆر ماندوون چونکە تا دواین ساتی هەفتەی کۆتایی پریمەرلیگ شەڕی نازناوەکەی لەگەڵ مانچستەر سیتی دەکرد و نەبردنەوەی نازناوەکەش کاریگەری خراپ لەسەر دەروونی یاریزانەکانی ئەو یانەیە دروستدەکات.

بەڵام بردنەوەی هەردوو نازناوی جامی یەکێتی ئینگلتەرا و جامی کاراباو لەم وەرزەدا رۆحیەتێکی تر دەبەخشێت بە یاریزانانی یانە ئینگلیزیەکە تا هەوڵبدەن سێیەم نازناوی ئەم وەرزە بەدەستبهێنن و ساڵێکی نایاب پێشکەشی هاندەرەکانیان بکەن بە راهێنەرایەتی یۆرگن کلۆپی ئەڵمانی.

هەردوو یانە لە روویی ئەستێرەوە یەکلاکەرەوەن بەو پێیەی یاریزانانیان ئاستێکی بەرزیان پێشکەش کردوە تا گەیشتنی یانەکانیان بەیاری کۆتایی.

لە ڕیاڵ مەدرید کەریم بنزیمە یاریزانی یەکلاکەرەوەی یانەکەیە و کاریگەری تەواوی هەبوو لەسەر گەیشتنی یانەکەی بەیاری کۆتایی کاتێک بە گۆڵە نایابەکانی هەموانی شۆک دەکرد، ئێستاش بە 15 گۆڵ گۆڵکاری چامپیۆنزلیگە

لەیانەی لیڤەرپوڵیش محەمەد سەڵاح یاریزانی یەکلاکەرەوەی دۆخە سەختەکانی یانەکەی بووە پێشتریش ئاماژەی بەوە کردوە دەیەوێت تۆڵەی شکستەکەی 2018 لە ڕیاڵ مەدرید بکەنەوەو نازناوەکە بەدەست بهێنن، لەم وەرزەدا محەمەد سەڵاح لە چامپیۆنزلیگ خاوەنی هەشت گۆڵە.

لەماوەی ڕابردوودا هەردوو یانە لە مێژوودا هەشت جار رووبەڕووی یەکبونەتەوە لە چامپیۆنز لیگدا، ڕیاڵ مەدرید لە چوار یاریدا بردنەوەی بەدەستهێناوە لە بەرامبەردا لیڤەرپوڵ سێ بردنەوەی هەبوە و لە یەک یاریشدا یەکسانبوون.

لیڤەرپوڵ و ڕیاڵ مەدرید تا ئێستا تەنیا دوو جار لە یاری کۆتایی چامپیۆنز لیگدا بەرامبەر یەکتر یارییان کردووە، لە 1981 لیڤەرپوڵ بە گۆڵێکی بێبەرامبەر یاریەکەی بردوەتەوە و بوەتە پاڵەوان بەڵام یانەی شاهانە لە ساڵی 2018 لە لیڤەرپوڵی بردوەتەوە و نازناوەکەی بەدەستهێناوە.

ئێستا ماوەتەوە بڵێین، کامیان دەتوانێت نازناوی ئەم وەرزەی گەورەترین خولی ئەوروپا بەدەستبهێنێت کە ئەویش چامپنزلیگە، ڕیاڵ مەدرید بۆ 14مین جار یان لیڤەرپوڵ ژمارەی نازناوەکانی دەکاتە حەوت نازناو و هاوشێوەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی لێدەکاتەوە.

خ . ک