مباپێ لە پاریس دەمێنێتەوە یان دەچێتە ڕیاڵ مەدرید؟

AM:11:51:21/05/2022

9092 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پێرێز بێهیوا بوە و بە یاریزانەکانی وتوە کە مباپێ نایەتە ڕیاڵ مەدرید و لە پاریس دەمێنێتەوە.

ڕۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی ڕایگەیاندوە، فلۆرینتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید بێهیوا بوە لە گواستنەوەی کیلیان مباپێ بۆ ڕیزەکانی یانەکەی لە هاوینی ئەمساڵدا.

ڕۆژنامەکە ئاشكرایکردووە، پێرێز دوای یاری یانەکەی بەرامبەر ڕیاڵ بیتیس چوەتە ژووری جلگۆڕینی یانەکەی و یاریزانەکانی ئاگادارکردوەتەوە کە مباپێ نایەتە یانەکەیان و گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سان جێرمان نوێدەکاتەوە.

دوێنێش دی مارزیۆی ڕۆژنامەنووس بڵاویکردەوە، مباپێ نزیکە لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سان جێرمان هەرچەندە لە رابردوودا بە زارەکی ڕێککەوتنی لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید کردووە.

لە لایەکی تریشەوە، فایزە عەماری دایکی یاریزانە فەرەنسیەکەش ئاشكرایکردووە کە کوڕەکەی رەزامەندی لەسەر هەردوو گرێبەستەکەی ڕیاڵ مەدرید و پاریس داوە و هەردوو گرێبەستەکەش نزیکن لەیەکەوە لەبەرئەوە ئێستا کاتی ئەوە هاتوە یاریزانەکە خۆی یەکلابکاتەوە و یەکێکیان هەڵبژێرێت.

ڕادۆی کادینا سێریش ڕایگەیاندوە، کەسێکی نزیکی مباپێ لە رابردوودا بەڵێنی بە ڕیاڵ مەدرید داوە کەیاریزانەکە رازیبکات پەیوەندی بە یانەکەیانەوە بکات بەڵام ئەگەر ئەوە ڕونەدات ئەوا دەبێت ئەو کەسە بڕێک پارە بدات بە یانە ئیسپانیەکە چونکە پێشتر لەگەڵ بەرپرسانی ئەو یانەیە لەسەر ئەوە ڕێککەوتون.

دەشڵێت، تەمیم بن حەمەدی ئەمیری قەتەر لە ماوەی رابردوودا هەوڵێکی زۆریداوە کە یاریزانەکە بە مانەوە لە پاریس سان جێرمان رازیبکات و سەرجەم داواکارییەکانی جێبەجێکردووە.

خ . ک