سەد ساڵەی پێشکەوتن و مێژووی یەکەم ھەواڵی وەرزشی کوردی

4/30/2020 5:52:49 PM

255 جار خوێندراوەتەوە

زاگرۆس نانەکەلی
+ -

لەوانیە بپرسن بڵێن بۆچی یادی ١٠٠ساڵەی رۆژنامەی پێشکەوتن دەکەنەوە؟، چ پەیوەندی بە رۆژنامەگەری وەرزشی کوردییە؟، لەوانەشە لەھەندێک لە عاجباتیەکانی رۆژنامەنووسی وەرزشی کوردی ئەسڵەن مێژو و پەرتووکی میدیای وەرزشی و زانستی میدیای وەرزشی تەنھا پڕکردنەوەی پەرتووک بێت، چونکە لەملاو لەولا ناوەناوە بەرگوێمان دەکەوت ئەم وردە لێدوانانە کە بەڕاستی گیانت ھەمووی دەکات بە ئارەق و شەرم داتدەگرێ و واقتوڕ دەمێنێ لە ھەڵکەوتووی دواکەوتوو!، ماڵوێرانیەکە لەوەدایە وێنەگرتن لەبەردەمی یاریگاکان بەپێشکەوتن و شانازی بزانی، بەڵام مێژووی میللەتەکەت بەشتێکی کۆن و بێ بەھا بزانی، وێنەگرتن لەبەردەم یاریگا و ھەروەھا یاریزانی بەناوبانگیش من بە دڵخۆشی و ھەواڵ و ئارەزو و تەنانەت بە ھەنگاوی ناسین و نزیک بوونەوەشی دەزانم و دژی نیمە و من خۆم یەکێک بوومە لەنێو یاریگاکانی نێوخۆی و وڵاتانی جیھان ئەنجاممداوە ،بەڵام مێژووی نەتەوەکەم سفر نەکردۆتەوە و دژی مێژوو و دەستکەوتەکانی میللەتەکەم نیم،ھەڵکەوتووی دوێنی بم و پێشخۆم و دوای خۆم  وەلابنێم، خۆشم بە مەوزوع بزانم، بەڵام دەڵێن یەکێک لەکارەساتەکانی دیموکراسی دەبێت گوێ لەنەزانیش بگری، گەر سەفەرێکت بەرەو بڵاوبوونەوەی رۆژنامەی پێشکەوتن  کرد لەم وتارە، ئەوا گرێ کوێرە و  کۆد و زۆربەی زۆری وڵامەکانت دەست دەکەوێت.
گەلێک مێژووی نەبێت دەمێکە مردووە، ھیچ چڵەدارێکی وشک نەبوو خۆم بە باڵای بئاڵێنم، رووبارێکی خێراش نەبوو تا زوو تینوویتَی عەشقی بوارەکەم پێ بشکێنم، ئەوەی باسی دەکەم نوێترە لەنوێ، کۆنتریشە لەکۆن!، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە ناخوێنینەوە و زیاتر قسە دەکەین و گوێڕایەڵنین و زیاتر دەنووسین!، پاشان ھزری ئێمە لەچاومانە، بۆیە زیاتر تیڤی و سۆشیال میدیا دەکەین بەسەرچاوەکانمان، کەچی مێژو و داھێنان و پێشوە بردنی ڕەوڕەوەی مرۆڤایەتی  لەنێو داھێنان و کتێب  دایە و دەبن بە بەڵگە ومێژوو، نەوەکانی دوای خۆمان چ وەکو زانست و چ وەکو مێژوو لە کتێبەکان بەدوای دەگەڕێن وسوودی لێ وەردەگرن، بێچەوانەکەشی دەبێتە سەرەتای گرنگی پێنەدانی مێژو و خۆسەرقاڵکردن بەشتە لاوەکی و بێ بەھاکان و لەبیرچوونەوەی ئامانجی راستەقینە، بۆیە ئۆقرەم نەگرت تا نەگەم بەکەناری ئارام، چونکە مێژو و گەڕان بەدوای مێژوو خۆی لەخۆیدا بەرپرسیاریەتییە، ناشکرێت لە خەوی غەفڵەتا بین و نەبای بێت ونەباران، ئەو چەند ساڵەی گەڕاشم  تروسکەیەک ئومێدی گەوھەری نەتەوەکەم دۆزیەوە، گەیشتم بەسەرەتای موڕاد، دەستم گەیشت بە بەشێک کەشکۆڵی دڕ و یاقوتی میدیای وەرزشی کوردی، ئێوەش و ھەموومان بەیەکەوە ھەوڵ بدەین کاری بۆ بکەین، چونکە ئیتیک وئەرک و بەرپرسیاریەتی ھەموومانە، پەنا بەخوا بەردەوامیش دەبم، چونکە دڵنیام گەوھەر و دڕ و مەرجان و ئەڵماس و یاقوتی زۆر بەھاتر و نایاب و سەنگین تر لە خەزنەی مێژووی رۆژنامەگەری وەرزشی کوردی بوونی ھەیە، بۆیە تەنھا ماندووبوون وگەڕان وئارامی وھزر و خۆراگری دەوێت، بەدرخانییەکان دامەزرێنەری رۆژنامەی کوردی بوون، ئەوان فێری رۆژنامە و رۆژنامەگەرییان کردین، لە رۆژنامەی (پێشکەوتن ) یش کۆدی زانستی یەکەم ھەواڵی وەرزشی رۆژنامەگەری وەرزشی کوردیمان دۆزیەوە، کاروانی وەرزشیش نەھێنی ھەنگاوەکانی ئاشکراکرد و بوو بە فەڕمی کەمیللەتێک ژێر دەستیش بێت ناوەستێک لە بوارە جیاکانی ژیان و بەتایبەتیش رۆژنامەگەری وەرزشی کوردی.
ویستم بە دەرگایەکی کراوە و ئاسان بچمە نێو نەواخنی ئەم وتارەم، ویستم بنوسم یادی ١٠٠ساڵەی پێشکەوتن لەرۆژنامەنووسانی وەرزشی کوردی پیرۆزە، دواتر وتم بنوسم میدیاکارانی وەرزشی کوردی قەرزاری پێشکەوتنین، ئەمجارە ویستم مانشێتی وتارەکەم بکەم بە پێشکەوتن  پێشەنگی رۆژنامە بۆ ھەواڵی وەرزشی کوردی لە مێژوودا، وتم با نەبێتە گومان و پیاھەڵدان، ئەمجارەش ویستم بنوسم، پێشکەوتن ئەو رۆژنامەیە مێژووی یەک سەدەی رۆژنامەگەری وەرزشی کوردی لا پارێزراوە، دواتر نوسیم ١٠٠ساڵ لەمەوبەر یەکەم ھەواڵی وەرزشی کوردی بڵاوکرایەوە، یان نوسیم پێشکەوتن نۆبەرەی ھەواڵی وەرزشی لە رۆژنامەگەری وەرزشی کوردی، بۆدواجار نووسیم، سەد ساڵەی پێشکەوتن ویەکەم ھەواڵی وەرزشی کوردی،بۆیە واقم وڕمابوو،بەندەش وەکو مێژو و گەڕان و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و ھەڵدانەوەی لاپەڕەکانی پێشکەوتن-م کردووە، یەکێکیان ١٠٠ ساڵەی رۆژنامەی پێشکەوتن و دووەمیان تائێستا پێشکەوتن یەکەم رۆژنامەی کوردییە لەمێژوودا بابەتێک یان یەکەم ھەواڵی وەرزشی تیا بڵاودەکرێتەوە،بڵێم خۆم بەبەختەوەر دەزانم، چونکە ئەمە وێستگەی شانازی و بەشێکی گرنگی مێژووی کارکردنی منە لەمیدیای وەرزشی کوردی، راستە پێشکەوتن ئەمڕۆ ٢٩-٤-٢٠٢٠ مۆمی سەد ساڵەی دەکوژێنتەوە، بەڵام ئەم رۆژنامەیە تاکو ئێستا تاکە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی یەکەم ھەواڵی نووسراوی میدیای وەرزشی کوردییە، ئەوکات دوای ساڵێک و لەرێکەوتی ٢-٦-١٩٢١ رۆژنامەی پێشکەوتن یەکەم ھەواڵی وەرزشی بڵاوکردەوە بەناونیشانی (ئەسپ تاودان)، لەلایەکی ترەوە نابێت وەشاندی یەکەم رۆژنامەی وەرزشی کوردی لەچوارپارچەی کوردستان لەبیربکەین،لەرێکەوتی ٣٠-٧-١٩٨٥ یەکەم رۆژنامەی وەرزشی کوردی لە شاری ھەولێر بەناوی (کاروانی وەرزش) بڵاکرایەوە، ئەوەی من دەمەوێت باسی بکەم، لەنێوان یەکەم ھەواڵی وەرزشی لەرێکەوتی ٢-٦-١٩٢١ ویەکەم رۆژنامەی وەرزشی لەرێکەوتی ٣٠-٧-١٩٨٥،کامەیان دەبن بە رۆژی رۆژنامەگەری وەرزشی کوردی؟پرسیارێکە بۆ مێژوونووس و موئەریخەکان جێدێڵم؟!.
ئەمڕۆ یادی ١٠٠ ساڵەی بڵاوبوونەوەی رۆژنامەی (پێشکەوتن)ە کە لەشاری سلێمانی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی پێشکەوتن لە ٢٩ی نیسانی ١٩٢٠ لەشاری سلێمانی دەرچووە و بەگشتی ١١٨ ژمارەی لێدەرچووە و دواژمارەی لە ٢٧ی تەمووزی ١٩٢٢ دەرکراوە. رۆژنامەکە راستەوخۆ لەلایەن حاکمی سیاسی ئینگلیزەوە لەسلێمانی سەرپەرشتی کراوەو بەدوای یەکدا ھەریەک لە میجەر سۆن و مێجەرگۆلد کە دوو حاکمی سیاسی ئینگلیز بوون سەرپەرشتی رۆژنامەکەیان کردووە و سیاسەتی فەڕمیان داڕشتووە، (مستەفا مەزھەر) یش کە روناکبیرێکی سلێمانی بووە ھاوکاریان بووە ئەم رۆژنامەیە رۆژنامەیەکی ھەفتانە بووە و چوار لاپەرە بووە و گوزارشتی لەسیاسەتی فەڕمی حکومەتی ئینگلیز کردووە. رۆژنامەکە بایەخی بەبوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و رۆشنبیری و مێژوویی داوە.
٢-٦-١٩٢١ لە ژمارە (٥٨) دا یەکەم ھەواڵی وەرزشی بەناونیشانی (ئەسپ تاودان) بڵاوکرایەوە، ھەروەھا  لەرێکەوتی ١٦-٦-١٩٢١ و لەژمارەی (٦٠)ی  دوو بابەتی ھەواڵی  دووەم وسێیەم، ھەواڵی وەرزشی و بەناونیشانەکانی  (لەعەسکەری یا یاری) و (وڵاخ تاودان) بڵاوکرایەوە، ھەروەھا باس لەوە دەکرێت کە مێجەرسۆن خۆی گەنجانی سلێمانی کۆکردۆتەوە و یاری لەگەڵ کردوون، ھەروەھا ھەرخۆشی ھەواڵەکەی بڵاوکردۆتەوە لە رۆژنامەی پێشکەوتن، بۆیە گرنگە میدیاکارانی وەرزسی کوردی ھەموومان گرنگی و دەست نیشانکردنی مێژووی ھەواڵی وەرزشی لە رۆژنامەی پێشکەوتن و بڵاوبوونەوەی رۆژنامەی کاروانی وەرزش تێک ھەڵکێشی بکەین و رۆژێک بۆ رۆژی رۆژنامەگەری وەرزشی کوردی دەستنشان بکەین، نەک بە ئارەزووی خۆمان وەک کوتاڵ فرۆش چۆنمان پێ خاس بێت قوماشەکە بە بەری خۆمان ببڕین!،ناکرێت و نابێت و لۆژیک نیە،لەمێژوو نەبیت ومێژووت نەبێت و مێژوو دابنێی!! مێژووش بشێوێنی و خۆشت بکەی بە پاڵەوانی مێژووی بێ مێژوو!!،بۆیە پێوویستە بەخۆمان دابچینەوە،چونکەمێژوو ئەمانەت وبەرپرسیاریەتییەکی ئەخلاقیە،بۆیە ئەمە مێژووە لەبیرمەکەن، یادی ١٠٠ ساڵەی رۆژنامەی پێشکەوتن پێرۆزبێت، میدیاکارانی وەرزشی چوارپارچەی کوردستان دەبێت ھەموومان سوپاسی رۆژنامەی پێشکەوتن بکەین،ئەوکات گرنگی بە بابەت وھەواڵی وەرزشیداوە،بۆ ئێمە بۆتە مێژووێکی بە بەھا و پڕ نرخ،چونکە تاکو ئێستا یەکەم ھەواڵی وەرزشی لەم رۆژنامەیە لەمێژوو بڵاوکراوەتەوە، کەواتە یادی ١٠٠ساڵەی رۆژنامەی پێشکەوتن چەند گرنگ بوو بۆ مێژووی میللەتەکەمان،سەدان جار گرنگتر بوو بۆ مێژووی یەکەم ھەواڵی وەرزشی لە رۆژنامەگەری وەرزشی کوردی.