میلان ئیمزاکردنى گرێبەستى لەگەڵ ماندزۆکیچ ڕاگەیاند

میلان ئیمزاکردنى گرێبەستى لەگەڵ ماندزۆکیچ ڕاگەیاند
2021-01-19

816 جار خوێندراوەتەوە

+ -

یانەى ئەى سى میلان ئیمزاکردنى گرێبەستى لەگەڵ ماریۆ ماندزۆکیچ تا کۆتایى ئەم وەرزە ڕاگەیاند.

لە ڕاگەیەندراوێکى فەرمیدا، میلانى ئیتاڵى ئاشکرایکرد، لەگەڵ ماندزۆکیچى کرواتى ڕێککەوتوون لەسەر گرێبەستێکى سەربەست تا کۆتایى ئەم وەرزە، لەگەڵ بژاردەى نوێکردنەوەى بۆ وەرزێکى تر.

میلان ئاماژەى بەوەکردووە، ماندزۆکیچ، کە بە 33 گۆڵ دووەم گۆڵکارى مێژوویى هەڵبژاردەى کرواتیایە، لە ڕیزى یانەکەیدا درێسى ژمارە نۆ دەپۆشێت و ڕاگەیاندنەکانیش دووپاتیدەکەنەوە موچەکەى تا کۆتایى ئەم وەرزە ملیۆنێک و 500 هەزار یۆرۆ دەبێت.

ماندزۆکیچى 34 ساڵ، یارى بۆ چەند یانەیەکى وەک یۆڤانتۆس و بایرن میونشن و ئەتلەتیکۆ مەدرید کردووە و 24 نازناوى لە کاروانى وەرزشى خۆیدا بەدەستهێناوە، کە گرنگترینیان نازناوى چامپیۆنز لیگە لەگەڵ بایرن میونشندا و لەگەڵ کرواتیاش گەیشتە یارى کۆتایى مۆندیالى 2018ى ڕوسیا.

 

گ . ف

 

Image