بڕیارى گەڕانەوەى هاندەران لە پریمەر لیگدا درا

بڕیارى گەڕانەوەى هاندەران لە پریمەر لیگدا درا
2020-11-26

1414 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەفەرمى رێگە بە گەڕانەوەى هاندەران بۆ یاریگاکانى پریمەر لیگ درا و هاندەرانى چەند یانەیەکیش لە بڕیارەکە بێبەشدەبن.

راگەیاندنەکانى ئینگلتەرا ئاماژە بەوەدەکەن، بەپێى شارەکان رێگە بە گەڕانەوەى هاندەران دەدرێت بۆ یاریگاکانى خولى نایابى تۆپى پێى ئینگلتەرا لە دووى کانونى یەکەمى داهاتووەوە و شارەکانى ئینگلتەراش کراون بە سێ ئاستەوە.

هەردوو شارى لەندەن و لیڤەرپوڵ خراونەتە ئاستى دووەم و هاندەرانى ئەو شارە دەتوانن لە سەرەتاى مانگى داهاتووەوە بگەڕێنەوە بۆ یاریگاکان بە ئامادەبوونى دوو هەزار هاندەر بۆ هەر یارییەک.

لەبەرامبەردا شارى مانچستەر لە ئاستى سێیمدایە و هاندەرەکانیان ناتوانن لەو بەروارەدا بگەڕێنەوە بۆ یاریگاکان، بەهۆى ئەوەى هێشتا مەترسیەکانى ڤایرۆس کۆرۆنا لەو شارەدا بەردەوامە.

تۆتنهام و چێڵسى و ئارسناڵ و لیڤەرپوڵ و ئیڤەرتۆن و چەند یانەیەکى تر لە بڕیارەکە سودمەندبوون و دوو مانچستەرەکە و لیستەر سیتى و چەند یانەیەکى تریش لە بڕیارەکە بێبەشبوون.

هیچ یانەیەکى پریمەر لیگ لە ئاستى یەکەمدا بوونى نییە، کە یانەکانى ئەو ئاستە دەتوانن بۆ هەر یارییەک چوار هەزار هاندەریان ئامادەى یارییەکان بێت بۆ هەر یارییەک.

 

گ . ف

 

Image