میسى: هیوادارم ڕۆناڵدۆ بەرامبەرمان یارى بکات

میسى: هیوادارم ڕۆناڵدۆ بەرامبەرمان یارى بکات
2020-10-23

1913 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لیۆنێل میسى هیوادارە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لەگەڵ یۆڤانتۆسدا بەشدارى یارییەکەى بەرامبەر بەرشەلۆنە بکات لە چامپیۆنز لیگدا.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕى دەزنى جیهانى، لیۆنێل میسى کاپتنى یانەى بەرشەلۆنەى ئیسپانى ئاماژە بەوە دەکات، کە ئاشکرایە ئەو کاتەى ڕۆناڵدۆ لە ڕیاڵ مەدریددا بووە، یارییەکانى بەرامبەریان لە کلاسیکۆدا تایبەت بوون.

میسى دەڵێت "کلاسیکۆ هەردەم تایبەت بووە، بەڵام بە ئامادەبوونى ڕۆناڵدۆ گرنگییەکى زیاترى بوو، بەڵام ئەوە بەشێکە لە ڕابردوو ئێستا چاوەڕێى ململانێى نوێین، هیوادارم ڕۆناڵدۆ ئامادەبێت و بەم نزیکانە لە کۆرۆنا چاکبێتەوە".

میسى باس لەوەش دەکات، ڕووبەڕووبوونەوەى ڕۆناڵدۆ لە پێشوو و ئێستاشدا کێبڕکێیەکى تایبەتە و بۆ هەتا هەتایە دەمێنێتەوە و چەندین ساڵ بەردەوام بووە، کە ئاسان نییە پارێزگارى لەو ئاستانە بکرێت بۆ ماوەیەکى زۆر.

میسى دەشڵێت "لەسەر ئاستى کەسى کێبڕکێى نێوان من و ڕۆناڵدۆ زۆر باش بوو، پێموایە خەڵکى زۆر چێژیان لێ وەرگرتووە لەگەڵ هاندەرانى بەرشەلۆنە و ڕیاڵ مەدرید و هەموو هاندەرانى تۆپى پێ، کە پیشاندانێکى نایاب بوو، هیوادارم بۆ یارییەکەى چوارشەممە لە چامپیۆنز لیگدا چێژى زیاتریان پێببەخشین".

 

گ . ف