ڕاهێنەرى بایرن یاریزانەکانى لە مەترسیەکانى ئینتراخت ئاگاداردەکاتەوە

ڕاهێنەرى بایرن یاریزانەکانى لە مەترسیەکانى ئینتراخت ئاگاداردەکاتەوە
2020-10-23

547 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ڕاهێنەرى بایرن میونشن دووپاتیدەکاتەوە هەموو یاریزانەکانى بۆ یارییەکەى ئینتراخت ئامادەن، بەڵام لیرۆى سانى سەرەکى نابێت.

سبەینێ شەممە کاتژمێر چوار و ٣٠ خولەکى پاش نیوەڕۆ، بایرن میونشن لە هەفتەى پێنجەمى خولى پلە یەکى ئەڵمانیادا، ڕووبەڕووى ئینتراخت فرانکفۆرت دەبێتەوە و کاتژمێر حەوت و ٣٠ خولەکى شەویش، دۆرتمۆند و شاڵکە یارى لوتکە دەکەن.

هانز فلێکى ڕاهێنەرى یانە باڤاریەکە لە بارەى ئامادەبوونى لیرۆى سانى بۆ ئەو یارییە دەڵێت "هەموو یاریزانەکان باشن بە سانیشەوە، بەڵام ئەو لە پێکهاتەى سەرەکیدا نابێت و یەدەگ دەبێت".

فلێک ئاماژە بەوە دەکات، گۆڕانکارییەکى کەم لە پێکهاتەکەیدا دەکات، بەهۆى ئەوەى کۆرێنتین تۆلیسۆ بەهۆى کارتە سورەکەیەوە ناتوانێت بەشدارى بکات.

فلێک یاریزانانى تیپەکەى لە مەترسیەکانى ئینتراخت ئاگاداردەکاتەوە و دەڵێت "ئەوان بە پەرۆشییەکى زۆرەوە یارى دەکەن و ڕکابەرەکەیان دەخەنە ژێر فشارەوە، لە بەرگرى و هێرشبردندا زۆر باشن، هەر بۆیە دەبێت بە وریاییەوە دەست بە یارییەکە بکەین".

 

گ . ف