پرۆژەى وەرزشی چییە؟ چۆن سەرکەوتوو دەبێت؟

پرۆژەى وەرزشی چییە؟ چۆن سەرکەوتوو دەبێت؟
2020-09-30

4038 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لەماوەى رابردودا وشەى پرۆژەى وەرزشی بەتەواوی لە راگەیاندنەکانەوە باس دەکرا بەتایبەت پاش ئەو لێدوانانەى میسی بەرامبەر بارتۆمیۆی سەرۆکی بەرشەلۆنە وتی کە هیچ پرۆژەیەکی وەرزشی پێ نییە.

تۆپی پێ بە پرۆژەى وەرزشییەوە بەرێوەدەچێت و پێویستە هەموو یاریزان و راهێنەر و ئیدارەى یانەیەک پرۆژەیەکی هەبێت بۆ بەدی هێنانی ئامانجەکانی.

پرۆژە کردارێکی کارگێڕییە نەک وەرزشی، بەواتاى کۆمەڵێک کار و لێکۆڵینەوە دێت کە پلانی بۆ دادەنرێت بۆ بەدەستهێنانی کۆمەڵێک ئامانجی دیاریی کراو لە کاتێکی دیاریکراودا.

بۆ هەموو پرۆژەیەک پێویستە کاتی دەستپێک و کۆتایی هەبێت و پێویستیشە کۆمەڵێک ئامانج لە پشتییەوە بێت.

بۆ نمونە یۆڤانتۆس پرۆژەیەکی دانا بۆ ئەوەى لە پێنج ساڵی داهاتودا گرێبەست لەگەڵ ئەستێرەیەکی جیهانی وەک رۆناڵدۆ ئیمزابکات وسەرکەوتوش بوو.

هەروەها کلۆپ پێشبینی کرد لە دواى چوار ساڵ نازناوێک بۆ لیڤەرپوڵ بەدەست بهێنێت.

چێڵسی پرۆژەیەکی دروستکردبوو کە لەماوەى 10 ساڵدا نازناوی چامپیۆنز لیگ بباتەوە.

ئیدارەى لایبزیگی ئەڵمانیش پرۆژەی یانەیەکی دروستکرد کە لەماوەى هەشت ساڵدا پەیوەندی بە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپاوە بکات.

سەرجەمیشیان لەماوەى دیاریکراوی خۆیدا ئامانجەکانی خۆیان پێکا و هەنگاو بۆ دروستکردنی پرۆژەیەکی نوێ نرا.

پرۆژەى وەرزشی قورسترە لە چاو هەموو پرۆژەکانی تر هەر بۆیە پرۆژە بۆ یەک ئامانج دانانرێت و کۆمەڵێک نازناو دەکرێتە ئامانج.

پرۆژەى وەرزشی بە بێ بەکارهێنانی پارە و مارکێتین سەرکەوتوو نابێت، ئەو سێ هۆکارە وەک سێ گۆشەیەکی پێکەوە بەستراون و تەواوکەری کارەکانی یەکن.

پارە سەرکەوتنی لایەنی وەرزشی مسۆگەردەکات، چالاکی وەرزشیش لایەنی مارکێتین دروست دەکات، مارکێتینیش پارە دەگەرێنێتەوە بۆ ناو پرۆژە وەرزشییەکە.

زۆر پرۆژەى وەرزشی هەبوە کە بەهێز بون و دیارترینیان ئەوەى ئەڵمانیا بوو کە دواى مۆندیالی 2002 کە لە یاریی کۆتایدا شکستیان هێنا پرۆژەیەکی وەرزشیان دانا بۆ ئەوەى لەماوەى 15 ساڵدا نازناوی مۆندیال بەدەست بهێننەوە ، سەرەنجام لە ساڵی 2014 دا پرۆژەکەیان بە سەرکەوتووی کۆتایی هات و لە یاریی کۆتایدا لە ئەرجەنتینییان بردەوەو بوون بە پاڵەوان.