لێدوانى سوارێز لە کۆنفرانسى ماڵئاوایکردنى لە بەرشەلۆنە

لێدوانى سوارێز لە کۆنفرانسى ماڵئاوایکردنى لە بەرشەلۆنە
2020-09-24

5157 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سوارێز ڕۆشتنى لە بەرشەلۆنە بە کارێکى قورس دەزانێت و شانازیش بەو شەش ساڵەوە دەکات کە لە یانەکەدا بەسەرى بردووە.

لە کۆنفرانسى ماڵئاوایکردنى لە بەرشەلۆنە، لویس سوارێزى ئۆرۆگوایى بە چاوى گریانەوە ئاماژەى بەوە کرد، بەجێهێشتنى یانەکەى زۆر قورسە و ناتوانێت هەستى خۆى دەربڕێت، دواى ئەوەى هاوڕێکانى بەجێدەهێڵێت، کە هەردەم دڵخۆشیان کردووە.

سوارێز شانازى بەو شەش ساڵەوە دەکات، کە لەیانە کەتەلۆنیەکەدا بەسەرى بردووە و دەشڵێت "ئێستا کاتى ڕۆیشتنە و ئەوەشى دەتوانم بیکەم سوپاسگوزاریمە بۆ بەرشەلۆنە بۆ هەر ساتێک کە تێیدا ژیاوم".

سوارێز دووپاتیدەکاتەوە بە سەرى بەرزەوە دەڕوات و هێشتا دەتوانێت لە کێبڕکێکردن لە لا لیگادا بەردەوام بێت و پێشیوایە یانەکان و یاریزانانیش پێویستیان بە گۆڕانکارى هەیە بێ گوێدانە گرێبەستەکانیان.

سوارێز ئەوەش ئاشکرادەکات، کە کومانى ڕاهێنەر پەیوەندى پێوەکردووە و بڕیارەکەی قبوڵکردووە، دواتریش بەرشەلۆنە ئەوى خستووەتە بازارى گواستنەوەکان و چەندین یانەش گرێبەستیان پێشکەشکردووە، بەڵام ئەو ئەتلەتیکۆ مەدریدى هەڵبژاردووە و دڵخۆشیشە جێپەنجەى خۆى وەک سێیەم گۆڵکارى بەرشەلۆنە بەجێدەهێڵێت لە یانەکەدا.

 

گ . ف