کۆنفرانسى ڕاهێنەرى مان سیتى پێش ڕووبەڕووبوونەوەى ڕیاڵ مەدرید

کۆنفرانسى ڕاهێنەرى مان سیتى پێش ڕووبەڕووبوونەوەى ڕیاڵ مەدرید
2020-08-06

5280 جار خوێندراوەتەوە

+ -

گواردیۆلا ئامادەبوونى یانەکەى بۆ یارییەکەى ڕیاڵ مەدرید ڕاگەیاند و گەڕانەوەى منداڵانیش بۆ خوێندنگاکان لە گەڕانەوەى هاندەران بەگرنگتر دەزانێت.

لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا پێش یارییەکەى سبەینێى بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید لە چامپیۆنز لیگدا، گواردیۆلاى ڕاهێنەرى مانچستەر سیتى سەرەتا پێشوازى لە فێران تۆرێس و ناسان ئاکى یاریزانانى نوێى یانەکەى کرد، کە وەرزى داهاتوو لەگەڵیاندا دەبن و ئاشکراشیکرد ئیریک گارسیا نایەوێت گرێبەستەکەى نوێبکاتەوە.

گواردیۆلا پێیوایە یارى گەڕانەوەى بەرامبەر ڕیاڵ لە یارى چوون جیاوازدەبێت و هەست بەوە دەکات بۆ یارییەکە ئامادەن و ئاستێکى بەرز پێشکەش دەکەن و یارییەکەش دەبەنەوە.

گواردیۆلا باس لەوەش دەکات، بۆ بەدەستهێنانى چامپیۆنز لیگ دەبێت لە یانەکانى وەک ڕیاڵ مەدرید ببەیتەوە و دەشڵێت "ڕووبەڕووى ڕیاڵ ببینەوە یان نا من هەر هاندەرى بەرشەلۆنەم، بەڵام گەر بەرامبەر بەرشەلۆنە یارى بکەین بەدڵنیاییەوە هەولى بردنەوە دەدەم لە پێناوى یانەکەم و یاریزانەکاندا".

لە بارەى گەڕانەوەى هاندەران بۆ یاریگاکان، گواردیۆلا دەڵێت "هەموومان هاندەرانمان لەدەستداوە، بەڵام دەبێت گەڕانەوەیان لە کاتێکى پارێزراودا بێت، بەلاى منەوە گرنگترین شت گەڕانەوەى منداڵانە بۆ خوێندنگاکانیان لە نزکترین کاتدا".

 

گ . ف