مۆرینیۆ ئامانجى یانەکەى ئاشکراکرد

مۆرینیۆ ئامانجى یانەکەى ئاشکراکرد
2020-07-16

1222 جار خوێندراوەتەوە

+ -

مۆرینیۆ ئامانجى یانەکەى ئاشکراکرد و سەرسامى خۆشى بە هارى کینى هێرشبەرى یانەکەى دەربڕى.

دواى بردنەوەکەى بەرامبەر نیوکاسڵ لە پریمەر لیگدا، خۆسێ مۆرینیۆى ڕاهێنەرى تۆتنهام ئاماژەى بەوە کرد، تا پێش دەستپێکردنى یارییەکە تیپەکەى هیلاک بووە، بەڵام لە یارییەکەدا تامەزرۆیی و ئارەزوویان بۆ بردنەوە پیشاداوە.

مۆرینیۆ دەڵێت "تا کۆتایى جەنگاین لە پێناوى ئامانجەکەمان، کە گەیشتنە بە خولى ئەوروپا، گەر نەتوانین سەرکەوتن بۆ خولى یانە پاڵەوانەکان بەدەستبهێنین، ئەوا خولى ئەوروپا گرنگە".

مۆرینیۆ ستایشى سێرج ئۆرییە و هارى کین دەکات، کە ئەم توانى دوو گۆڵ تۆماربکات و دەشڵێت "هارى کین گرنگى خۆى دەزانێت و ئەو هێرشبەرێکى سەرسوڕهێنەرە، ئۆرییەش کەسایەتییەکى بەهێزى هەیە".

تۆتنهام بە ٥٥ خاڵ و بە شێوەیەکى کاتى لە پلەى حەوتەمى ڕیزبەندى پریمەر لیگدایە و تەنیا دوو یاریش ماوە لە خولەکەدا ئەنجامى بدات.

 

گ . ف