سەرۆکى لا لیگا ڕەخنەى توند لە دادگاى وەرزشى دەگرێت

سەرۆکى لا لیگا ڕەخنەى توند لە دادگاى وەرزشى دەگرێت
2020-07-16

2469 جار خوێندراوەتەوە

+ -

تیباسى سەرۆکى لالیگا جارێکى تر ڕەخنەى توند لە دادگاى وەرزشى دەگرێت و گومانى لە دەستپاکى دادگاکە هەیە.

دووشەممەى ڕابردوو دادگاى وەرزشى، کە بە کاس ناسراوە، سزاکەى سەر یانەى مانچستەر سیتى ئینگلیزى هەڵوەشاندەوە، کە پێشتر لەلایەن یەکێتى تۆپى پێى ئەوروپاوە بە دوو وەرز ڕاگیران سزادرابوو.

لە لێدوانێکێکدا، کە ڕۆژنامەى سپۆرتى کەتەلۆن بڵاویکردووەتەوە، خاڤێر تیباسى سەرۆکى یەکێتى خولى ئیسپانیا دەڵێت "کاس لە سەرەمەرگدایە، نەک تەنیا لەبەر هەڵوەشاندنەوەى سزاکەى مان سیتى، بەڵکو شەفاف نییە".

تیباس ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە کاس گۆڕانکارى بەسەر خۆیدا یان بەسەر ڕێنماییەکانیدا بێت و دەشڵێت "دەبێت دادوەرى نوێ دابنرێت، سویسرا کەسانى زۆرە لە بوارى دادوەریدا، چونکە ئێستا کاس خراپ بەکاردێت".

تیباس دووپاتیدەکاتەوە، یوفا هەڵەى نەکردبوو لە سزادانى مانچستەر سیتیدا تا کاس بتوانێت بە یەک لێدان بڕیارەکە هەڵوەشێنێتەوە و دەشڵێت "هەموان دەزانین سیتى چى کردووە و هەر وەک کلۆپ وتى هەڵوەشاندنەوەى سزاکە ڕۆژێکى خراپە لە تۆپى پێى ئەوروپادا".

 

گ . ف