وێنە و راپۆرت.. گاریس بەیل پیشەگەرانە رەفتار ناکات

وێنە و راپۆرت.. گاریس بەیل پیشەگەرانە رەفتار ناکات
2020-07-14

2026 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لەکاتێکدا یاریزانەکانی هاورێی لە یاریگادا ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکەن و بردنەوە بۆ ریاڵ مەدرید بەدەست دەهێنن، گاریس بەیلی وێڵزی هەر جارەو بە جۆرێک سەرنجی میدیاکان بەلای خۆیدا رادەکێشێت و زیدانیش توڕەتر دەکات.

رەفتارەکانی گاریس بەیل لەدواى کەرەنتینەوە بە تەواوی گۆڕاون و لەوە ناچێت هی یاریزانێکی پیشەگەری یانەیەکی گەورەى وەک ریاڵ مەدرید بێت.

گاریس بەیل سەرباری ئەوەى زۆرترین موچە لە یانەى ریاڵ مەدرید وەردەگرێت، بەڵام وەرز لەدواى وەرز خراپتر دەبێت و بەهۆی زۆری موچەکەشییەوە ، نایەوێت لە ریاڵ مەدرید بڕوات.

پێشتر زیدانی راهێنەر زۆر بە رونی ئاشکرایکرد کە بەیل لە پلانەکانیدا نەماون، بەڵام لەبەرئەوەى هیچ یانەیەک ئامادەنەبوو موچە زۆرەکەى هێرشبەرە وێڵزییەکە تەرخان بکات، بەیل لە ریاڵ مایەوەو زیدانیش لە چەند یارییەک بەشداری پێکرد.

بەلام لەدواى کەرەنتینەوە و تا یارییەکەى گرانادا، بۆ جاری چوارەم لەسەر یەک گاریس بەیل لەسەر کورسی یەدەگ بوو.

زۆربەى یاریزانە جیهانییەکان کاتێک لەسەر کورسی یەدەگ دادەنیشن دڵتەنگ دەبن و چاوەرێی هەلێک دەکەن بۆ ئەوەى بونی خۆیان بسەلمێنن و وەڵامی راهێنەر بدەنەوە بەوەى شایستەى پێکهاتەى سەرەکین.

جگە لە گاریس بەیل کە لەسەر کورسی یەدەگ دادەنیشێت لە یاریزانی ریاڵ مەدرید ناچێت.

بەیل لە چوار یاریی رابردودا هەر جارەو بەشێوەیەک سەرنجی میدیاکانی بەلای خۆیدا راکێشاوەو هەر جارەو بە رەفتارێکیش زیدانی تورە کردوە.

گاریس بەیل جارێک بە پێکەنین کات بەسەر دەبات و جارێکیش دەمامکەى دەمی دەخاتە سەر چاوی و چەند خولەکێک دەنوێت.

جارێکیش پێش کۆتایی هاتنی یارییەکە یاریگا جێدەهێڵێت و جارێکیش دەستی دەکات بە زومی کامێرا وەک ئەوەى بەدواى شتێکدا بگەرێت.

ئەمە جگە لەوەى چەندین جار لە کاتی یارییەکاندا ، ئەو لەسەر کورسی یەدەگ باوێشکی داوە و خۆی بە مۆبایلەکەیەوە مەشغول کردوە.

رۆژنامەکان رەخنەى ئەوەى لێدەگرن کە گاریس بەیل هیچ روحیەتێکی بۆ تیپەکەى نەماوەو تەنها چاوەرێی سەری مانگ دەکات بۆ ئەوەى موچەکەى وەربگرێت.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا زیدان بە ناچاری بۆ زۆربەى یارییەکان بانگهێشتی دەکات بە بێ ئەوەى بەشداری پێ بکات.

کاتێکیش پرسیاری گاریس بەیلی لێدەکرێت بەوە وەڵام دەداتەوە کە وەک هەموو یاریزانەکانی تر بەلایەوە گرنگەو پشتی پێ دەبەستێت.

بەڵام زۆر بە رونی دەردەکەوێت کە زیدان لە ئێستادا وەک یاریزانێکی پیشەگەر سەیری گاریس بەیل ناکات و لە رەفتارەکانی تورەیە.

بەتایبەتیش پاش ئەوەى لەماوەى رابردودا گاریس بەیل لەکاتی ئاهەنگ گێڕانی سەرکەوتنی هەڵبژاردەى وێڵز بۆ یۆرۆی 2020 لافیتەیەکی بەرزکردەوە کە لەسەری نوسراو بوو وێڵز ، گۆڵف ، مەدرید.

کە ئەوەش روبەروی رەخنەى زۆری کردەوە بەوەى ریاڵ مەدریدی خستۆتە دوای یاریی گۆڵفەوە، لەکاتێکدا خۆی یاریزانی تۆپی پێیە و موچەیەکی زۆریش لە ریاڵ وەردەگرێت.