مۆرینیۆ: گەر وەک کلۆپ کاتم پێبدرێت لەگەڵ تۆتنهامدا نازناو بەدەستدەهێنم

مۆرینیۆ: گەر وەک کلۆپ کاتم پێبدرێت لەگەڵ تۆتنهامدا نازناو بەدەستدەهێنم
2020-07-11

761 جار خوێندراوەتەوە

+ -

خۆسێ مۆرینیۆ پێیوایە لە توانایدا هەیە نازناو لەگەڵ تۆتنهامدا بەدەستبهێنێت و پەیوەستیشە بە گرێبەستەکەیەوە.

لە لیدوانێکى ڕۆژنامەنوسیدا پێش یارییەکەى سبەینێى بەرامبەر ئارسناڵ لە پریمەر لیگدا، مۆرینیۆى ڕاهێنەرى تۆتنهام ئاماژەى بەوە کرد، گەر وەک یۆرگن کلۆپى ڕاهێنەرى لیڤەرپوڵ کاتى پێبدرێت، لە توانایدا دەبێت نازناو لەگەڵ یانەکەى بەدەستبهێنێت.

مۆرینیۆ دەڵێت "کلۆپ و لیڤەرپوڵ چوار ساڵیان پێویست بوو بۆ بردنەوەى نازناوەکان، باشترین گۆڵچى جیهانیان کڕى لەگەڵ یەکێک لە باشترین بەرگریکارەکانى جیهان".

مۆرینیۆ دووپاتیکردووەتەوە، پەیوەست دەبێت بە گرێبەستەکەیەوە، کە سێ ساڵى ماوە و پێشیوایە لەو ماوەیەدا دەتوانن نازناو بەدەستبهێنن و دەشڵێت "کار لە پێناوى یانەکەمدا دەکەم و بیر لە خۆم ناکەمەوە، بەڵام ئاواتەکەم هەر وەک خۆى ماوە".

مۆرینیۆ پێشیوایە تیپەکەى پێویستى بە خەرجکردنى پارەیەکى زۆر نییە بۆ گواستنەوەى یاریزانى نوێ لە ماوەى گواستنەوەى داهاتوودا، وەک ئەوەى لە هاوینى ڕابردوودا کراوە.

 

گ . ف