میسى لە بەرشەلۆنە توڕەیە و دەیەوێت بەجێیبهێڵێت

میسى لە بەرشەلۆنە توڕەیە و دەیەوێت بەجێیبهێڵێت
2020-07-03

23418 جار خوێندراوەتەوە

+ -

میسى لە کێشەکانى بەرشەلۆنە بێزاربووە و دەیەوێت بەجێیبهێڵێت، سەرچاوەیەکیش لە یانەکە دووپاتیدەکاتەوە هیچ زانیارییەکیان لەسەر بڕیارەکەى میسی نییە.

ڕادیۆى کادینا سێرى ئیسپانى بڵاویکردەوە، لیۆنێل میسى ئەرجەنتینى کاپتنى بەرشەلۆنە دانوساندنى نوێکردنەوەى گرێبەستەکەى لەگەڵ بەرپرسانى یانەکەى وەستاندووە و ئارەزوو دەکات لە کۆتایى گرێبەستەکەیدا یانەکە بەجێبهێڵێت.

کادینا سێر ئاماژەى بەوە کردووە، میسى بێزارە لە زۆرى قەیرانەکانى ئەم دواییانەى ناو یانەکەى و هەردەمیش لۆمەى ئەو دەکرێت کاتێک شتێکى خراپ لە یانەکەیاندا ڕوودەدات.

بەڵام ڕۆژنامەى مۆندۆى کەتەلۆنى بڵاویکردووەتەوە، سەرچاوەیەک لە یانە کەتەلۆنیەکەوە دووپاتیکردووەتەوە هیچ زانیارییەکیان نییە لەسەر بڕیارەکەى میسى لە بارەى وەستاندنى دانوساندنەکانى نوێکردنەوەى گرێبەستەکەى، کە لە هاوینى ٢٠٢١دا تەواودەبێت.

مۆندۆ هەوڵیداوە پەیوەندى بە کەسە نزیکەکانى میسییەوە بکات بۆ دووپاتکردنەوەى هەواڵەکە، بەڵام دەستى پێیان نەگەیشتووە، هەرچەندە دەوترێت کاپتنە ئەرجەنتینیەکە پلانەکەى خۆى بە کەسە نزیکەکانى و بەشێک لە هاوکارەکانى لە ژوورى جلگۆڕینى بەرشەلۆنە وتووە.

 

گ . ف