کۆنفرانسى ڕاهێنەرى ڕیاڵ مەدرید دواى بردنەوەکەى بەرامبەر خیتافى

کۆنفرانسى ڕاهێنەرى ڕیاڵ مەدرید دواى بردنەوەکەى بەرامبەر خیتافى
2020-07-03

5185 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ڕاهێنەرى ڕیاڵ مەدرید دڵخۆشى خۆى بە بردنەوەکەیان بەرامبەر خیتافى دەربڕى و دەیەوێت لەسەر ئەم ڕێگەیەش بەردەوامبن.

زەینەدین زیدانى ڕاهێنەرى ڕیاڵ مەدرید لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا دواى یارییەکەى خیتافى لە خولى ئیسپانیا، ئاماژەى بەوە کرد، هەوڵێکى بەکۆمەڵیان داوە لەبەرامبەر ڕکابەرێکدا، کە دۆخێکى خراپى بۆ درووستکردبوو و بە گیانى تیپەکەیانەوە بردنەوەیان بەدەستهێناوە.

زیدان دەڵێت "پێموایە کارێکى باشمان کرد، بەڵام گرنگترین شت تواناى جەستەیى باشى یاریزانەکان بوو، کە بەباشى بەرگریان دەکرد، چالاکى هێرشبردنیان کەمبوو، بەڵام تیپەکەمان بەهێزە و دەمانەوێت لەسەر ئەم ڕێگەیە بەردەوامبین".

زیدان پێیوایە وەک ڕاهێنەر و یاریزانەکانیش ڕووبەڕووى ئاستەنگى بونەتەوە لە یارییەکەدا و پێویست بووە کار لەسەر یارییەکە بکەن، ئەوەش بە ئاسان نازانێت کە کردوویانە و بەبێ کێشەش ناتوانرێت هیچ شتێک بەدەستبهێنرێت.

زیدان دەڵێت "یاریزانەکان کلیلن، کارى من تەنیا ئارامکردنەوەیانە لە کاتە سەختەکاندا، ئەوان بڕوایان بەوە هەیە کە دەیکەن، بە هێمنى و ئارامگرتن دەتوانین گۆڵ تۆماربکەین، پێویستە پیرۆزبایى لە یاریزانەکان بکەم، چونکە ئەوەى دەیکەن شتێکى ئاسان نییە".

 

گ . ف