سەرۆکى لالیگا باس لە باشترین کاتى دەستپێکردنەوەى خولەکە دەکات

سەرۆکى لالیگا باس لە باشترین کاتى دەستپێکردنەوەى خولەکە دەکات
2020-05-22

5523 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەگەر هەیە بە یارى نێوان سیڤیلیە و بیتیس لە ١٢ى حوزەیراندا لالیگا دەستپێبکاتەوە، بەڵام بەرپرسانى بەرشەلۆنە گەشبین نین.

خاڤێر تیباسى سەرۆکى یەکێتى خولى تۆپى پێى ئیسپانیا ڕایگەیاند، یانەکان و ڕاهێنەران و یاریزانان و ناوبژیوانان هەموویان بەپەرۆشن بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەى یارییەکانى ئەم وەرزە.

لەگەڵ ئەمەشدا تیباس دووپاتیکردووەتەوە، لالیگا کاتێک دەستپێدەکاتەوە، کە بەرپرسانى تەندروستى دۆخەکە بەباش بزانن و دەشڵێت "هەماهەنگى نێوان ئەنجومەنى وەرزشەکانى ئیسپانیا و یەکێتى تۆپى پێ کلیلى دەستپێکردنەوەى یارییەکان دەبێت".

تیباس ئاماژەى بەوەش کردووە، ١٢ى حوزەیران باشترین کاتە بۆ دەستپێکردنەوەى لالیگا و لەوانەیە یەکەم یاریش دێربى ئەندەلوس بێت لە نێوان سیڤیلیە و ڕیاڵ بیتیسدا.

لەلایەکى ترەوە، بەرنامەى ئەلچرینگیتۆى ئیسپانى ئاشکرایکردووە، بەرپرسانى بەرشەلۆنە پێیانوانییە لە ١٢ى حوزەیراندا ژیان بۆ لالیگا بگەڕێتەوە و پێشبینى دەکەن لە کۆتاییەکانى حوزەیراندا یان سەرەتاى تەمووزدا بێت.

 

گ . ف