ئەلۆنسۆ: یارییەکانی نایابمان پێشکەش کرد

AM:08:52:27/06/2025

300 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەلۆنسۆ دوپاتیکردەوە لە 10 خولەکدا بردنەوە بەدەستنایەت و پلانی سێ بەرگری گونجاو بوو.

چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری ریاڵ مەدرید دوای بردنەوەیان لە سالزبۆرگ و گەیشتنیان بە قۆناغی 16ی جامی جیهانی یانەکان رایگەیاند، بەکارهێنانی بیرۆکەی سێ بەرگریکار نایاب بووە و پلانەکان وەک خۆی جێبەجێکران.

ئەلۆنسۆ وتی، یاریزانەکانم کولتوری تۆپی پێیان هەیە و زۆر بە باشی لە گۆڕانکارییەکانی شێوازی یاریکردنی من تێدەگەن، ئێمە پلانەکان لە کاتی گونجاودا بەکاردەهێنین.

وتیشی، یاریزانەکانم ئاستێکی نایاب و یارییەکی سەرنجڕاکێشیان پێشکەش کرد و بە شیوەیەکی گشتیش پەلەیان نەدەکرد، هەموو کات ئارام دەبین تا بە تەواوی دەچینە کەشی یارییەکەوە.

دوپاتیشیکردەوە کە ڤینیسیۆس جۆنیۆر یاریزانێکی زۆر نایابە و کاری گەورە ئەنجامدەدات لە یاریگادا، هاوکاری یاریزانەکانی هاوڕێی دەکرد لە بەرگری کردندا، جگە لەوەی گۆڵ تۆماردەکات ژمارەیەک گۆڵی نایابیش دروست دەکات.

دەشڵێت، پێویستە لە یاریی داهاتوودا ئاستمان باشتر بکەین تا بە درێژایی یارییەکە لە باشترین کاتی خۆماندا بین، ناکرێت تەنها لە 10 خولەکدا بردنەوە بەدەستبهێنین چونکە لە هەموو یارییەکدا ئەو هەلەت بۆ ناڕەخسێت.

لە کۆتاییشدا دەڵێت، ئێمە پێویستمان بە کیلیان مباپێیە و هیوادارین بە خێرایی بگەڕێتەوە بۆ یارییکردن، ئەو یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی جیهان، رۆدریگۆش یاریزانێکی گرنگمانە و دڵنیاییم پێداوە کە متمانەی زۆرم پێیەتی.

خ . ک