جامی جیهانی یانەکان.. ریاڵ مەدرید و هیلال گەیشتنە قۆناغی 16

AM:06:20:27/06/2025

368 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە جامی جیهانی یانەکان ریاڵ مەدرید بە سێ گۆڵی بێوەڵام لە ساڵزبۆرگی بردەوە و هیلالیش شکستی بە پاچوکا هێنا.
لە جامی جیهانی یانەکان و لە کۆمەڵەی هەشتەم، ریاڵ مەدرید و ساڵزبۆرگ ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
لە تایمی یەکەم، ریاڵ مەدرید باشتر بینرا بەڵام گۆڵ تۆمارکردنیان کەوتە خولەکەکانی کۆتایی کاتێک لە خولەکی 40 ڤینیسیۆس گۆڵی یەکەمی بۆ تۆمارکرد، هەشت خولەک دواتر ڤاڵڤێردی بۆ دووەمجار تۆڕی گۆڵی ساڵزبۆرگی هەژاند و ئەو تایمەش بەو ئەنجامە کۆتایی پێهات.
لە تایمی دووەم، ساڵزبۆرگ باشتر بینران، چەندین هێرشی یەک لە دوای یەکیان برد بەڵام لە گۆڵ تۆمارکردن سەرکەوتوو نەبوون، لە بەرامبەردا لە خولەکی 84 گۆنزالۆ گارسیا سێیەم گۆڵی یانە مەدریدییەکەی تۆمارکرد و سەرەنجامیش بە سێ گۆڵی بێوەڵام بردنەوەیان بەدەستهێنا.
لە یارییەکی تری هەمان کۆمەڵەشدا، هیلالی سعودیە بە دوو گۆڵی بێوەڵام شکستی بە پاچوکای مەکسیکی هێنا.
بەم ئەنجامانەش، ریاڵ مەدرید بە کۆکردنەوەی حەوت خاڵ وەک پێشەنگی کۆمەڵەکەی گەیشتە قۆناغی 16، هیلالیش بە پێنج خاڵەوە وەک پلەی دووەم گەیشتە هەمان قۆناغ.