مەرجی سزایی لە گرێبەستی گواستنەوەی یاریزانی تۆپی پێی پیشەگەر

PM:10:00:01/06/2025

1060 جار خوێندراوەتەوە

+ -

واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ یاریزانە پیشەگەرەکانی تۆپی پێ لە هەموو جیهاندا پانتایەكی فراوانی گرتووە.

هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی یانە وەرزشیەكان لە سەرتاسەری جیهان بڕە پارەیەکی لەڕادەبەدەر دەدەن بە یاریزانان، بەتایبەتی ئەو یانانەی سەرمایەكی زۆریان هەیە و خاوەندارێتی دەكرێن لە لایەن کەسانی دەوڵەمەند وبەناوبانگ. ئەوەی جێگای سەرنجە گرێبەستی گواستنەوەی یاریزانان لە چەندین بڕگەی جیاواز پێکدێت، لەوانە ماوەی گرێبەستەکە و مووچەی یاریزانەکە و هەموو ماف وپابەندیەكانی تری.

وە کاتێک یاریزانێک لە یانەیەکەوە دەچێتە یانەیەکی تر، فاکتەری گرنگ بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا یانەکە جێدەهێڵێت یان گرێبەستەکە تەواو دەکات، ئەو بڕە پارەیە كە وەكو مەرجی سزایی چەسپێندراوە.

بۆیە تیشك خستنە سەر پرسی بڕگەی سزایی لەم گرێبەستانەدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە و لێكەوتەی یاسایی زۆری هەیە. وە مەرجی سزایی بریتیە لەو بڕگەی کە هەردوو لایەنی گرێبەستەکە (یانە وەرزشیەكە و یاریزانەكە) لەسەری ڕێكەوتوون بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ناوەڕۆكی گرێبەستی نێوانیان.

لە بارێكدا ئەگەر لایەنێک (یانە وەرزشیەكە یان یاریزان) پابەند نەبوو بە گرێبەستەکە، ئەوا پابەندە بە قەرەبووکردنەوەی لایەنی بەرامبەر، هەر بۆیەش هەندێکجار پێی دەوترێت قەرەبووی بەڕێكەوتن.

لە ئێستادا لە کاتی گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانان، زۆرجار یانە وەرزشییەکان بڕێكی زۆری پارە وەكو مەرجی سزایی دەسەپێنن بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان فەراهەم بكەن و سوودی دارایی زۆر بەدەستبهێنن.

مەبەست لە دانانی ئەم بڕە زۆرە ئەوەیە ئەگەر یاریزانەکە بیەوێت پێش تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەکەی بڕوات و یانەكە جێبهێڵێت، ئەوا یانەکە دەتوانێت ئەم بڕە پارەیە لەو یانەیە وەربگرێت کە بەدوای کڕینی یاریزانەکەدا دەگەڕێت.

بۆ نموونە - بڕگەی مەرجی سزایی هەڵوەشانەوەی گرێبەستی یاریزان (ڤینیسیۆس جۆنیۆری) یانەی ڕیال مەدرید بەهای یەک ملیار و ٢٤ ملیۆن دۆلارە هەروەها ڕێژەی مەرجی سزایی یاریزانی بەرشلۆنەی ئیسپانی (لامین یامال) زیاترە لەیەك ملیار دۆلار.

شایەنی باسە لێرەدا چۆنیەتی دانانی بڕگەی مەرجی سزایی لە گرێبەستی گواستنەوەی یاریزاناندا، بەدوو شێوازە.

یەکەمیان ئەوەیە کە پێی دەوترێت مەرجی سزایی (Buy-Out Clause).

وەكو پێشتر ئاماژەمان بۆ كرد واتە یانەکە و یاریزانەکە لەسەر بڕگەیەک لە گرێبەستەکەدا ڕێکدەکەون کە تێیدا هاتووە یاریزانەکە دەتوانێت لە هەر کاتێکدا پێش تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەکەی بچێتە یانەیەکی دیکە، بەڵام دەبێت بڕە پارەیەکی دیاریکراو وەكو قەرەبوو بدات بەیانەكەی ئەمەش وەكو مەرجی سزایی هەڵوەشانەوەی گرێبەستەكەی. ئەم جۆرە بەزۆری یانە ئیسپانییەکانی وەک ڕیال مەدرید و بەرشەلۆنە پەیڕەوی دەكەن. بەم شێوەیە لەم جۆرە مەرجی سزایەیە یاریزانەكە دەتوانێت ئەو ماوەیەی کە ماوە لە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە وەرزشییەکە بکڕێتەوە بە پێدانی بڕی پارەی مەرجە سزایەكەی، بەڵام ئەو بڕە پارەیە لەلایەن یاریزانەکەوە نادرێت، بەڵکو لەلایەن ئەو یانەیەوە دەدرێت کە دەیەوێت گرێبەستی لەگەڵدا ئەنجام بدات. بەڵام جۆری دووەمی شێوازێکی ترە

كە ناسراوە بە بڕگەی ڕێگەپێدان(Release Clause)

لێرەدا یاریزانێک دەتوانێت ئەو یانەیە جێبهێڵێت کە گرێبەستی لەگەڵدا کردووە کاتێک یانەیەکی دیکە ئۆفەرێک بۆ یاریزانەکە پێشكەش دەكات بە مەرجێکی دیاریکراو و لەبارودۆخێكی دەستنیشانكراو. بۆ نمونە ئەگەر ئەو یانەیەی دەیەوێت یاریزانەکە بکڕێت یەکێک بێت لەو یانانەی کە دەتوانێت بەشداری لە چامپیۆنزلیگ بکات، یان ئەگەر ئەو یانەیەی یاریزانەکە یاری بۆ دەکات دابەزیبێتە خولی پلە دوو، ئەوا یاریزانەکە ڕێگەی پێدەدرێت بڕوات ئەگەر یانەیەکی تر ئۆفەرێکی پێشکەش بکات. بۆیە یانەکە ناچارە ئۆفەری یانەکانی تر قبوڵ بکات، ئەمەش دۆخێکە زیاتر لەنێو یانەکانی دەرەوەی ئیسپانیادا باوە بەتایبەت ئەو یانانەی بەشداری خولی نایابی ئینگلتەرا دەكەن.

يونس عثمان علي