سەردێڕ:

فەیسبووک دژی ئەو سزایە دەوەستێتەوە کە بەسەر تۆڕەکەدا سەپێنراوە

فەیسبووک دژی ئەو سزایە دەوەستێتەوە کە بەسەر تۆڕەکەدا سەپێنراوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-11-22

1622 جار خوێندراوەتەوە

تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رەخنە لە بڕیارێکی رێکخراوی چاودێری داتاکانی بەریتانیا (UK s data watchdog) بۆ سزادانی تۆڕەکە دەگرێت و بڕیارەکە بە نادادپەرەورانە وەسف دەکات.

تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە سەبارەت بەوەی کە ئەکاونت و داتاکانی بەرکارهێنەرانی فەیسبووک لە بەریتانیا بەشێوەیەکی نەگونجاو شەیر کرابێت، سزادانی تۆڕەکە بە بەهای ٥٠٠ هەزار یۆرۆ نادادپەروەرانەیە.

مانگی رابردوو رێکخراوی چاودێری داتاکانی بەریتانیا (UK s data watchdog) رایگەیاند، فەیسبووک شکستیهێناوە لەوەی بەشێوەیەکی گونجاو کۆنتڕۆڵی ئەو بەرنامە و پرۆگرامانە بکات کە بەشێوەیەکی جددی پێشێلی یاساکانی بەریتانیا دەکەن.

ئەو بڕیارەش دوای ئەوە هات کە مامۆستایەکی زانکۆی کەمبریج بەناوی ئەلێکساندر کۆگان لە رێگەی تاقیکردنەوەیەکەوە توانی دزە بکاتە ناو ئەکاونتی زیاتر لە ٨٧ ملیۆن بەکارهێنەری فەیسبووک و زانیاری و داتاکانیان بەدەست بهێنێت.

دواتر ئاشکرابوو کە کۆمپانیای کەمبریج ئانالیتیکا ( Cambridge Analytica) لەو رێگەوە بۆ بانگەشەی سیاسی لە ئەمریکا کەڵکی وەرگرتووە.

کۆمپانیای کەمبریج ئانالیتیکا کۆمپانیایەکی تایبەتە کە لە رێگەی شیکردنەوەی داتا و لێکۆڵینەوەکان لە پڕۆسە سیاسییەکاندا وەک هەڵبژاردنەکان، خزمەتگوزاری ئەلێکترۆنی پێشکەش دەکات و ساڵی ٢٠١٣ بە ئامانجی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دامەزرا.

ش.ق