سەردێڕ:

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بیانوو دەهێنێتەوە بۆ ڕازیبوون بە ئاگربەست لەگەڵ حەماسدا

فۆتۆ: 
2018-11-14

4526 جار خوێندراوەتەوە

بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ چوارشەممە (١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨) هۆکاری بەرگریکردن لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسی بە نهێنی ناوبرد، کە ناتوانێت ئاشکرای بکات.

لە وتەیەکدا بەبۆنەی ٤٥ ساڵەی کۆچی دوایی دەیڤید بنگۆریۆن یەکەم سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە نەتەنیاهۆ ڕایگەیاند، بنگۆریۆن بڕیاری چارەنووسسازی داوە و هەندێکجاریش پێچەوانەی ڕای گشتی بووە، بەڵام دواتر بە تیپەڕبوونی کات زانراوە کە ئەو بڕیارانە ڕاست بوون.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەکاتی قەیرانەکان و بڕیاری چارەنووسساز لە بواری ئاسایشدا، ناکرێت جەماوەر ئاگادار بکرێن چونکە دەبێت هەندێک شت هەیە لە دوژمن بشاردرێتەوە.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا دەربارەی ئاگربەستی ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستین، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختیکردەوە، "سەرکردایەتی وڵات پشتیوانی لە بڕیارێکی ئاسان نەکردووە، بەڵکو بڕیاردانێکی ڕاست و دروست بووە، هەرچەندە قورسیش بێت و وردەکارییەکی نهیێنی بێت، هەر لەبەر ئەوەشە ناتوانرێت جەماوەر بەشداری پێبکرێت."

ڕوونیشیکردەوە، ناتوانن وردەکاری پلانەکانی ئیسرائیل ئاشکرا بکەن، بەڵام ئەوە ئیسرائیلە کە مەرج و کاتی گونجاو دیاریدەکات بۆ ئاسایش و ئارامی هاووڵاتییەکانی.

ئەو وتانەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەکاتێکدا بوو، کەمێک پێش قسەکانی نەتەنیاهۆ، ئەفیگدۆر لیبرمان وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە، ئەوەش وەک ناڕەزاییەک بوو لە ڕازیبوونی ئاگربەست لەگەڵ بزوتنەوەی حەماسدا.

لیبرمان لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە، بەهۆی ناکۆکییەوە لەگەڵ نەتەنیاهۆ ئەو بڕیارەی داوە، لە دیارترینیان ڕاگەیاندنی ئاگربەست بووە لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس، هەروەها بە ڕاسپاردەی نوسراوی سەرۆکی حکومەت ڕێگەدراوە بڕی ١٥ ملیۆن دۆلار بچێتە ناو کەرتی غەزەوە.

ع.م