سەردێڕ:

رۆژانە نزیکەی ٢٥ ژن و کچی ھەولێر پەیوەندیی بە ھێڵی گەرمەوە دەکەن

حاڵەتەکانی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان زیاندیکردووە
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-11-06

2676 جار خوێندراوەتەوە

لە ماوەی ١٠ مانگی ئەمساڵدا حاڵەتەكانی توندوتیژی دژی ئافرەتان زیادیكردووە، هەرچەندە بەڕێوەبەراتی گشتی توندوتیژی ئافرەتان هێڵی گەرمی داناوە بۆئەوەی لە هەر جۆرێكی توندوتیژی كە بەرامبەر خێزان دەكرێت بتوانرێت پەیوەندیی بە ژمارە ١١٩ بكرێت، بەڵام بەڕێوبەری بەڕێوەبەراتی گشتی دژی توندوتیژی ئافرەتان دەڵێت، سكاڵاكردن لە ئاست ئەو توندوتیژییانەی كە بەرامبەر ژنان دەكرێت كەمە.

كوردە عومەر بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایەتی گشتی توندوتیژی دژی ئافرەتان لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، لە ماوەی ئەم ١٠ مانگەی ڕابردوودا توندوتیژییەکان ڕووی لە زیادبوونە، بەتایبەت توندوتیژی سێکسی، تێبینی ئەوەش کراوە کە سکاڵا کەمتر تۆمار دەکرێت، لە کاتێکدا توندوتیژییەکان ڕوویان لە زیادبوون کردووە.

لێرە كۆنفرانسێك كراوە بۆ ئامادەكاری بۆ هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان كە بڕیارە لە ٢٥ی مانگ لە هەرێمی كوردستان و سەرتاسەری جیهان بەڕێوەبچێت و لەم كۆنفرانسە كە نوێنەری ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ژمارەیەك لە ڕێكخراوەكانی تایبەت بە ژنان ئامادەی دەبن، گفتۆگۆ لەبارەی ئامارەكانی توندوتیژی كرا.

تانیا گلین لە ڕێكخراوی سی تایبەت بە ژنان ڕایگەیاند، کێشەکانی کە دێت زۆر قورسن، بۆیە تۆش پێویستیت بە پشتیوانییەکی گەورە هەیە، چونکە حاڵەتەکان لەناو خێزانەکاندان بەزۆری.

بەپێی ئامارەكان لە ماوەی ٩ مانگی ئەمساڵدا لە هەرێمی كوردستان ٩١ ئافرەت خۆیان كوشتووە یان كوژراون و، ١١٣ ئافرەت سوتاون و ٩٠ ئافرەتی دیکەش خۆیان سوتاندووە و ٨٧ توندوتیژی سێكسییش تۆماركراون و ٧١٩١ ئافرەت توندوتیژی لە بەرامبەر كراوە و سكاڵایان تۆماركردووە.

لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ بۆ ڕێگریكردن و كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی ئەنجامدانی توندوتیژی دژی ئافرەتان پرۆژەی هێڵی گەرم ژمارە ١١٩ دانرا، كە بەهۆیەوە ئافرەتان دەتوانن بە بەردەوامی ٢٤ كاتژمێر پەیوەندی بكەن و داوای هاوكاری یاسایی و دەروونی و كۆمەڵایەتی لە بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ئافرەتان بكەن و بەرپرسانی ئەو هێڵەش دەڵێن، ڕۆژانە تەنیا لە هەولێر نزیکەى ٢٥ ئافرەت پەیوەندیی بەو هێڵەوە دەکەن و لە ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەریان ئاگاداریان دەکەنەوە.

هاوکات لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بەراورد بە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردوو حاڵەتەكانی سوتان و خۆسوتان كەمیكردووە.

ع.م