سەردێڕ:

بەرهەم ساڵح بە سەرۆک کۆماری عێراق هەڵبژێردرا

زۆرینەى دەنگەکانی بەدەستهێنا
بە دەنگی ٢١٩ پەرلەمانتار بووە سەرۆک کۆماری عێراق
فۆتۆ: 
2018-10-02

42124 جار خوێندراوەتەوە

لە دەنگدانی  خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا بەرهەم ساڵح زۆرینەى دەنگەکانی بەدەستهێنا و بووە سەرۆک کۆماری عێراق.

لە خولی دووەمی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح سەرکەوتنی بە دەستهێناو توانی ٢١٩ دەنگی پەرلەمانتاران بە دەست بهێنێت.

لە دەنگدانەکەدا فوئاد حسین ٢٢ دەنگی بە دەستهێناو ٢٤دەنگی پوچەڵ و ٧ دەنگی سپی هەبوون.

بەرهەم ساڵح لە خولی یەکەمی دەنگدانی پۆستی سەرۆک کۆماردا توانی ١٦٥ دەنگی بە دەستهێنێت، لە کاتێکدا فوئاد حسین لە خولی یەکەمدا ٨٩ دەنگی پەرلەمانتارانی بە دەستهێنا.

دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە (٢ تشرینی یەکەمی ٢٠١٨) لە دوای ئامادەبوونى ڕێژەى یاسایی پەرلەمانتاران دانیشتنى پەرلەمانى عێراق  بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەستیپێکرد.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا ڕایگەیاند، زیاتر لە ٣٠٠ پەرلەمانتار لە ناو هۆڵی پەرلەماندا ئامادە بوون و دانیشتنەکە دەستیپێکرد.

کۆبوونەوەکانی شاندى یەکێتی نيشتمانیی كوردستان و پارتی ديموكراتى كوردستان لە بەغداد بۆ رێککەوتن لەسەر یەک کاندید شکستیهێنا و هەردوولا بە کاندیدی خۆیان بەشداريی لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارى نوێی عێراقدا دەکەن.

ع.م