سەردێڕ:

​پەروەردە: تەنیا بابەتە پێویستەکان دەخوێندرێن

فۆتۆ: 
2021-05-16

3994 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، بۆ ماوەی پێنج هەفتە دەرگای قوتابخانەکان دەکرێنەوە و خوێندن سێ رۆژ بە سێ رۆژ دەبێت، هاوکات، بەڕێوەبەری پەروەردەی هەولێریش دەڵێت، تەنیا ئەو بابەتانە دەخوێنرێن کە پێویستن.


دڵشاد عومەر بەڕێوبەری پەروەردەی سلێمانی بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەشکرد، لە رێککەوتی ٢٢ی مانگی داهاتوو تاقیکردنەوەی کۆتایی هەردوو وەرز ئەنجامدەدرێت و لە ١ی مانگی حەوتدا کۆتایی بە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٠-٢٠٢١ دەهێنرێت، هاوکات، پلان هەیە لە ١-٩-٢٠٢١ دەست بە خوێندنی ساڵی ٢٠٢١-٢٠٢٢ بکرێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو پڕۆگرامانەی کە دیاریکراون بۆ هەموو ناوەند و قۆناغەکانی خوێندن و بۆ هەموو ساڵەکەیە، دەشڵێت، لە خوێندنی ئەلیکترۆنیدا تەنیا کەمێک کێشەی شێوەزاریان هەبووە بۆ کەم تێگەیشتنی خوێندکاران.

دڵشاد عومەر ئەوەشی خستەڕوو، کە بابەتەکان کورت کراونەتەوە و ئەو بابەتانە دیاری کراون و دەخوێنرێن کە پەیوەندیدار و گرنگن بۆ ساڵی داهاتووی خوێندکاران و لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا نامیلکەیەک ئامادە دەکرێت بۆ پێداچوونەوە بە بابەتەکانی ساڵی پێشوودا.

هاوکات، بەشدار عەبدولخالق بەڕێوەبەری پەروەردەی هەولێر بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، کەلوپەلی خۆپارێزی بۆ قوتابخانەکان دابین کراوە و تەنیا ئەو بابەتانە دەخوێنرێن کە پێویستن.

ساڵی رابردوو لە مانگی شوباتەوە، سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن، بە زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکانیشەوە داخران و جگە لە پۆلی ١٢ی ئامادەیی و ئەو خوێندکارانەی تاقیکردنەوەی خولی دووەمیان هەبوو هیچ پۆلێک تاقیکردنەوەی ئەنجامنەدا.

لەمساڵیشدا، خوێندنی سەرجەم ناوەندەکان بە پچڕ پچڕی خوێندراوە و لە دوایین بڕیاریشدا وەزارەتی پەروەردە بڕیاری کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکانی دەرکرد، بەگوێرەی وتەی شارەزایانیش ئامانجی وەزارەتی پەروەردە ئەوەیە کە خوێندنی ئەمساڵی نەفەوتێت. هاوکات، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە هەرێمی کوردستان پرۆسەی خوێندن لە ناو پۆلدا بۆ پۆلەکانی یەکی بنەڕەتی تا ١١ی ئامادەیی بە میکانزمی دەوامکردنی سێ رۆژ بە سێ رۆژ (تەناوب) دەستیپێکردەوە.